ئەگەری گەڕانەوەی ئەبیدال لە ئارادیە

ئەگەری گەڕانەوەی ئەبیدال لە ئارادیە
دوای ئەوەی یاریزانی هێڵی بەرگری یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی فەرەنسا ئەریك ئەبیدال تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر هات و نەشتەرگەری چاندنی جگەری ئامۆزاكەی بۆ ئەنجامدرا و ماوەی چەند مانگێكە لە ژێر چاودێری پزیشكی دایە، هاندەرانی یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی فەرەنسا تووشی دڵەراوكێ هاتوون و مەترسی ئەوەی لێدەكرێت كە نەتوانێت جارێكی دیكە یاری بكاتەوە، بەڵام پزیشكێكی ئیسپانی تروسكەیەكی هیوای بە ئەبیدال و هاندەرانی دا كە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە جارێكی دیكە یاری بكاتەوە، خوان كارلۆس پزیشكی یاریزان ئەریك ئەبیدال لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی تی ڤی 3ی ئیسپانی گوتی : بە دووری نازانم ئەبیدال بگەڕێتەوە یاریكردن بەڵام ئەم كارە لەسەر خودی یاریزانەكە دەوەستێت . هەروەها كارلۆس گوتی : نەخۆشێك كە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەی بۆ ئەنجام دەدرێت دوای ماوەیەك دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی وەرزش بە پێی توانای خۆی، وابزانم ئەبیدال ئەو توانایەی هەیە بەڵام دەبێ ئاگاداربین و پەلە نەكرێت، ئەبیدال كەسێكی ژیرە و لە ئاستی لێپرسینەوەیە، كاتێك بەرشلۆنە جامی شای ئیسپانیای بردەوە، لە ژوورەكەی خۆی درێسی یانەكەی بەرزكردەوە، ئەو كات زانیم كە ئەبیدال چەند بەرشلۆنە و تۆپی پێی خۆش دەوێت.
Top