هەڵبژاردەی كوردستان لە دواساتدا گۆڵی یەكسان بونەوەی تۆماركرد
گوڵان: كارزان كانەبی-یادگارمحەمەد
لە درێژەی یارییەكانی ڤیستیڤاڵی تۆپی پێ ی ووڵاتی نەرویژ (نۆروای كاپ) و لە یارییەكانی كۆمەڵەی (16) لە یاریگای ئیكە بێرگ هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی كوردستان لە دووەم یاریدا رووبەروی تیپی (هۆیبرۆتن ستۆڤنەر)ی نەرویژی بۆوە ، پێش دەستپێكردنی یارییەكە كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری لە هاندەران بوو وە زۆربەیان كورد بوون كە بۆ پاڵپشتی كردنی یاریزانان هاتبوون هەڵبژاردەكە لە نێوان چەپڵە رێزانی هاندەران و شەكانەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستان هاتنە نێو یاریگا ، گێمی یەكەم سەرەتا هەردوولا لە ئاستەوە نزیك بوون بەڵام دواتر هەڵبژاردەی كوردستان توانی چەند هێرشێك ببات و مەترسی خستە سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر بەهۆی كەشی ساردی ئەو ووڵاتە و بوونی بایەكی زۆر لەسەر گۆڵی كوردستان لە ماوەی تەنها (4) دەقیقەدا تیپی (هۆیبرۆتن) دوو گۆڵیان تۆماركرد و ئەم گێمە بەو دوو گۆڵە كۆتایی هات ، گێمی دووەم هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی هەڵبژاردەی كوردستان كۆنترۆڵی یارییەكەیان كردو چەندین هێرشیان بردە سەر گۆڵی تیپی خانەخوێ لە دەقیقەی (50) و لە یەكێك لەو هێرشانەدا (محەمەد شێرزاد) گۆڵی یەكەمی بۆ كوردستان تۆماركرد كە ئەم گۆڵە بووە هۆی ئەوەی یاریزانان هێرش لە دوای هێرش بكەنە سەر تیپی (هۆیبرۆتن) ناوبژیوانی یارییەكە بەهۆی بوونی ئۆفسایدەوە گۆڵێكی بۆ كوردستان رەتكردەوە لە دوا ساتی یارییەكەو لە هێشێكی هاوبەشی (محەمەد شێرزادو میلاد نەجات) دا لە ناوچەی سزا (محەمەد شێرزاد) توندوتیژی بەرامبەر كرا و ناوبژیوان فیكەی پەنالتی بۆ كوردستان لێدا (عومەر بیبۆ) پەنالتییەكەی جێ بەجێ كردو توانی گۆڵی بەرامبەر تۆماربكاتەوە و یارییەكەش بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا كۆتایی هات بەمەش هەڵبژاردەی كوردستان كۆی خاڵەكانی كردە (4) خاڵ و یەكەمی كۆمەڵەكەی گرتووە ، بریاریشە سبەینێ كاتژمێر (1.30) ی پاش نیوەرۆ بە كاتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردەكە دوا یاری خۆی لە كۆمەڵەكە بەرامبەربە تیپی (لۆرنسكوك)ی نەرویژی ئەنجام بدات .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
