یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئەستێرەی هێلی ناوەراستی یانەی ڕیال مەدرید مەسعود ئۆزیل پێیوایە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەكەی یواكیم لۆف دەتوانێ ئەركی ڕاهێنانی یانەی ڕیال مەدرید وەربگرێت و لەم ئەركە سەركەوتوو بێت، ئۆزیل لەلێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی بێلدی ئەڵمانی ستایشی ئاستی ڕاهێنەر یواكیم لۆفی كرد و گوتی: لۆف ڕاهێنەرێكی یەكجار لێهاتووە و توانایەكی بەرزی هەیە، بۆیە ئێستا یەكێكە لەباشترین ڕاهێنەرانی جیهان.
دەربارەی ئەگەری دەستنیشانكردنی ڕاهێنەر لۆف وەك ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید، مەسعود ئۆزیل گوتی: بێگومان لۆف لەتوانای دا هەیە ببێتە ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید، چونكە لۆف خاوەن ئەو ئەزموونەیە كە دەتوانێت ئەركی ڕاهێنەری گەورەترین یانەكانی جیهان وەربگرێت.