ئەمشەو هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە یاری كۆتایی یۆرۆدا بەیەكدەگەن
هەڵبژاردەی ئیسپانیا گەرچی بەهێزترین پاڵێوراو بوو بۆ پارێزگاری لە نازناوەكەی و توانی بگاتە یاری كۆتایی پاڵوانیەتیی ئەمساڵ، كەچی تا ئێستا ئەو هەڵبژاردەیە بەو شێوە یارییەی دەیكات، نەیتوانیوە سەرنجی چاودێران بەلای خۆیدا راكێشێت و زۆرینە پێیان وایە ئیسپانیا یارییەكی بێتام پێشكەش دەكات.
ئەگەر ئیسپانییەكان بتوانن لە یارییەكەی ئەمشەودا سەركەوتن بەدەست بێنن، ئەوا دەبنە یەكەم هەڵبژاردە لە مێژوودا لە ماوەی 4 ساڵدا سێ گەورەترین نازناوی جیهانی بەدەست بێنن، ئەمە دوای ئەوەی هەڵبژاردەكە نازناوی یۆرۆی 2008 و مۆندیالی 2010ی بەدەست هێنا.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا كە لایەنی دووەمی یارییەكەی ئەمشەوە، پێشتر پاڵێوراو نەبوو بۆ گەیشتنە ئەم قۆناخەی ئێستا، ئەمەش لەبەرئەوەی ئیتاڵیا پێكهاتەیەكی هێندە بەهێزی نییە و ماوەیەكی هێندە زۆریش نییە لە ژێر دەستی چیزاری براندیلی راهێنەردایە كە توانیویەتی شێوازێكی هێرشبەرانە بەسەر هەڵبژاردەكەدا بسەپێنێت.
ئیسپانییەكان وەك هەمیشە لە یارییەكەی ئەمشەودا پشتیان بە هێزی هێڵی ناوەڕاستیان قایمە و ئیتاڵییەكانیش چاویان لە درەوشانەوەیەكی تری ماریۆ بالۆتێلی ئەستێرەیە كە لە یاری پێشوودا توانی جیهان تووشی سەرسامی بكات كاتێك دوو گۆڵی بردنەوەی هەڵبژاردەكەی لە ئەڵمانیا تۆمار كرد.
