هێمن ئەمیر یاریزانی بلیاردی یانەی لەیلان وهەڵبژاردەی عێراق:

هێمن ئەمیر یاریزانی بلیاردی یانەی لەیلان وهەڵبژاردەی عێراق:
هیوادارم لەسەر ئاستی جیهان ئەنجامی باش بەدەست بهێنم
شاری كەركوك یەكێكە لەو شارانەی كە چەندین یاریزانی بەتوانای لەسەر ئاستی عێراق پێگەیاندووە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی لەیلانی شاری كەركوك (هێمن ئەمیر)ە، لەدایكبووی ساڵی 1989ی شاری كەركوكە و یەكێكە لە یاریزانەكان لەیاری سنۆكەر و سری بۆڵ چەندین ئەنجامی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
* چۆن بوو خۆت لەنێو دنیای یاری بلیارد دۆزیەوە؟
-لەسەرەتا ئارەزوویەكی زۆرم هەبوو بۆئەم یارییە، بۆیە ماوەیەكی زۆر خەریكی ئەم یارییەم لەشاری كەركوك، تاكو توانیم پەرە بەتوانای خۆم بدەم و بگەم بەئاستی هەڵبژاردەی عێراق.
*ئاستی یاری بلیارد چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-ئاستی یاری بلیارد ساڵ بەساڵ بەرەو پێش دەچێت، یانەكانیش گرنگی باش بەم یارییە دەدەن، بەڵگەی قسەكانیشم ئەوەیە كە لەپاڵەوانێتیەكان ژمارەیەكی زۆر لەیانەكان بەشداری پاڵەوانێتیەكان دەكەن.
* شاری كەركوك لەچ ئاستێكە لەم یارییەدا؟
-شاری كەركوك لەئێستادا لەیاری بلیارد پێشوەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لەچاو ساڵانی ڕابردوو جیاوازیەكی زۆری هەیە، لەئێستا چەندین یاریزانی باشی لێ دروست بووە كە دەتوانن ڕكابەری بەهێز بكەن.
*كێشە و گرفتی یاری بلیارد لەچی دەبینی؟
-كێشەی زۆربەی یانەكانی كوردستان نەبوونی هۆڵێكی تایبەت بەم یارییە، هەرچەندە ئێمە كێشەمان نییە، بەڵام زۆر لەیانەكان هۆڵیان نییە، ئەگەر بمانەوێ ئەم یارییە پێشبكەوێت دەبێت هۆڵی تایبەتمان هەبێت.
* وەكو یاریزانێكی هەڵبژاردەی عێراق بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە لەكوردستان؟
-پێمان باشە گرنگی زیاتر بەیاریزانانی لاو بدرێت، بتوانین لەگشت شارەكانی كوردستان قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكەینەوە لەم یارییە، خول و پاڵەوانێتی بەردەوام هەبێت، لەیانەكان زیاتر گرنگی بەیاری بلیارد بدرێت، نەك تەنیا بۆپاڵەوانێتیەكان یاریزانان كۆبكەنەوە.
* بۆچی ئەم یارییە گرنگی زۆری پێنادرێت لەشارەكان؟
-سەرەتا ئەم یارییە لەو ئاستە نەبوو، لەشارەكانی كوردستان كە گرنگی باشی پێبدرێت، بەڵام لەئێستادا واخەریكە ئەم یارییە زیندوو دەكەنەوە، یاریزانانیش خۆیان ئارەزوو لەم یارییە دەكەن.
* حەزدەكەی یانەكانی كوردستان و یەكێتی بلیارد ڕاهێنەری بیانی بهێنێتە كوردستان بۆپێشكەوتنی یارییەكە؟
-ئەوە هیوای ئێمەیە، چونكە ئێمەی یاریزان چەند ڕاهێنەری بەتوانا مەشقمان پێبكات، زیاتر ئاستمان پێشدەكەوێت، دەتوانین ئەنجامی زۆر باش بەدەست بهێنین.
* باشترین ئەنجامەكانت لەم یارییە؟
-لەسەر ئاستی عێراق لەئاستی یاریزانانی لاو توانیم ببمە باشترین یاریزانی لاو و ببمە پاڵەوان، لە كوردستانیش ئاستم بەرزە و جێگای بایەخە.
* هیواو ئاواتت چییە لەیاری بلیارد؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم لەسەر ئاستی جیهان و ئاسیاش ئەنجامی بەرچاو بەدەستبهێنم، ناوی كەركوك و كوردستان بەرز بكەمەوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بەهیوای ئەوەم بەردەوام بن لەخزمەتكردنی وەرزشی كوردستان، تاكو ئێستاش شوێن دەستیان دیار بووە لەخزمەتكردنی بزاڤی وەرزشی لەهەرێمی كوردستان. بەهیوای ئەوەشم خزمەتی زیاتری ناوچە كوردییەكان بكەن بەتایبەتی لەشاری كەركوك.
Top