بیلیتی: بەرشلۆنەی ڕۆنالدینهۆ لەبەرشلۆنەی میسی باشترە

بیلیتی: بەرشلۆنەی ڕۆنالدینهۆ لەبەرشلۆنەی میسی باشترە
یاریزانی هێڵی بەرگری یانەی بەرشلۆنە جۆلیانۆ بیلیتی دووپاتیكردەوە كە تیپی بەرشلۆنەی ڕاهێنەر ڕیكارد و یاریزان ڕۆنالدینهۆ لەتیپی بەرشلۆنەی ڕاهێنەر گواردیۆلا و یاریزان میسی باشترە، بیلیتی لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (سپۆرت تی ڤی) ڕوونی كردەوە سەڕەرای ئەوەی زۆربەی چاودێران و هاندەران پێیانوایە كە بەرشلۆنەی ئێستا باشترین تیپە لەمێژوو، بەڵام ئەو پێیوایە ئەو تیپەی ساڵی 2006 خولی یانەكانی ئەوروپای بۆ یانەی بەرشلۆنە بەدەست هێنا، لەو تیپەی ئێستا باشتر بوو.
بیلیتی كە خۆی لەتیپی 2006 یاری دەكرد گوتی: من كارەكانی خۆمانم زۆر لەلا باشتر بوو، ئێمە بەرامبەر ڕیال مەدریدی زێدان و ڕۆنالدۆ و فیگۆ یاریمان كرد، هەروەها بەرامبەر میلانی كاكا و لیڤەرپول و باشترین یانەكانی ئەو كات یاریمان كردووە، ئێمە بەپلانێكی دیاریكراو یاریمان دەكرد و پێكهاتەكەمان جێگیر بوو، ئێستا نازانم بەچ پلانێك یاری دەكەن، هەندێ جار بەسێ بەریگریكار و حەوت هێرشبەر.
سەبارەت بەبەراوردكردن لەنێوان هەردوو یاریزان ڕۆنالدینهۆ و میسی، بیلیتی گوتی: ڕۆنالدینهۆ ڕووبەڕووی یاریزانی بەهێز وەك زێدان و فیگۆ یاری دەكرد و هەموو ئەركەكە لەسەر شانی ئەو بوو، بەڵام میسی تیپێكی هەیە یارمەتی دەدات، بەلای منەوە بەرشلۆنەی ڕۆنالدینهۆ لەبەرشلۆنەی میسی باشترە.
شایانی باسە بیلیتی لەساڵانی 2004 تا 2007 لەگەڵ بەرشلۆنەی ڕیكارد یاری كردووە و، خولی ئیسپانیا 2005 و 2006 و خولی یانەكانی ئەوروپا 2006 و جامی سوپەری ئیسپانیا 2005 و 2006ی بەدەست هێناوە.
Top