لە هاویندا ئینتەرمیلان داوای تۆرێس دەكات

لە هاویندا ئینتەرمیلان داوای تۆرێس دەكات
ململانێی پێكهێنانی بەهێزترین هێڵی هێرشبەر لەسەر ئاستی خولی ئیتاڵی یانەی ئینتەر میلان ناچار دەكات لە هاوینی داهاتوودا بیر لە كڕینی فرناندۆ تۆرێسی ئیسپانی بكاتەوە.
یانەی میلانی ركابەری سەرەكی ئینتەر میلان بە بوونی رۆبینیۆ و ئیبراهیمۆڤیج و پاتۆ و كاسانۆ و ئینزاگی و ماكسی لۆپێز خاوەنی هێڵێكی هێرشبەری بەهێزە و ئێستا یانەكە هەوڵی زۆر بۆ كڕینی كارلۆس تێڤێزی ئەرجەنتنینی دەدات.
لە بەرامبەردا یانەی ئینتەر میلان دەیەوێ بە هەمان شێوە هێڵێكی هێرشبەری بەهێزی هەبێت، بۆیە وێڕای بوونی هەریەك لە فۆرلان و پاتزینی و كاستانیۆس و میلیتۆ، ماسیمۆ مۆراتی سەرۆكی یانەی ئینتەر میلان دەیەوێ پێكهاتەی ریزی پێشەوەی یانەكەی بەهێزتر بكات وبەپێی رۆژنامەكانی ئیتاڵیا ئەو سەرۆكە بیر لە كڕینی تۆرێس دەكاتەوە لە هاوینی داهاتوودا.
تۆڕی كاوجۆ ئۆفساید دووپاتی كردەوە كە مۆراتی دەیەوێ تۆرێس بێنێتە ریزەكانی یانەكەیەوە تا جارێكی تر ئەو یاریزانە بگێڕێتەوە بۆ ئاستی راستەقینەی خۆی كە لەوەتەی لە یانەی چێڵسی یاری دەكات ئاستی وەك پێویست نییە.
Top