باسكـــەی زاخۆ هەوڵ بۆ بـەدەستهێنانی نازناو دەدات
تیپی باسكەی یانەی زاخۆ ئەمساڵ دووەم ساڵیەتی لەیارییەكانی خولی باسكەی نایابی یانەكانی عێراقی شان بەشانی یانەی دهۆك یاری دەكات، یانەی زاخۆش ئەمساڵ تیپێكی تۆكمە و بەهێزی دروستكردووە بۆئەوەی لەهەردوو خولی یانە نایابەكانی كوردستان و عێراق ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنێ، لەئێستادا تیپكە لەگشت ڕوویەكەوە لەلایەن دەستەی كارگێڕی پشتگیری دەكرێت و چەندین یاریزانی بەتواناشیان لەیانەكە كۆكردۆتەوە تەنیا بەمەبەستی ڕكابەریكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوێكی شایستە لەهەردوو خول، ئێمەش بەپێویستمان زانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر باسكەی زاخۆ ئامادەبكەین.
ماجد نیعمە ڕاهێنەری یانەی زاخۆ لەبارەی یارییەكە بۆگۆڤاری گوڵان گوتی «بەڕاستی ئەمساڵ تیپێكی بەهێزمان ئامادەكردووە بۆهەردوو خولی عێراق و كوردستان، تیپەكەشمان تیپێكی باشە لەگشت ڕوویەكەوە ئامادەكراوە بۆ یارییەكان، ئەمساڵیش لەخولی كوردستان بەڵێن دەدەین ململانێ بۆڕكابەری كردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولەكە بكەین، بۆ خولی عێراقیش ئێمە هەوڵ دەدەین لەچوارگۆشەی زێڕینی خولەكە خۆمان ببینینەوە، لەڕووی جەستەییەوە ئامادەكاریمان باشە و یاریزانەكانیشمان متمانەی تەواویان بەخۆیان هەیە بۆ ئەوەی هەوڵ بۆنازناوەكە بدەین، هەر چەندە ئەمساڵ یانەكانیش بەهێزن، گوتیشی بۆ خولی عێراقی زیاتر لەپێنج یاریزانانمان هێناوە كە سێ یاریزانیان خەڵكی كوردستانن، بۆ خولی كوردستانیش یاریزانی بەتوانامان هەیە، گوتیشی تیپەكەمان تەواوە هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە لەیانەی زاخۆ، چونكە دەستەی كارگێڕی هاوكاری باشمان دەكات.
سەگڤان تەها سەرپەرشتیاری تۆپی باسكەی یانەی زاخۆ لەبارەی ئاستی یانەكە لەم بارەیەوە گوتی «ئەمساڵ یانەی زاخۆ بەشێوەیەكی زۆر باش خۆی ئامادەكردووە و لەئێستاوەش ئێمە بۆبەدەستهێنانی نازناوێك هەوڵدەدەین لەخولی عێراقی و كوردستان، هیچ كێشەو گرفتێك لەنێوان یاریزانانی باسكەی زاخۆدا نییە و هەموومان بەیەك ڕوح یاری دەكەین، تیپەكەشمان لەهیچ ڕوویەكەوە كێشەی نییە، ئەمساڵ پشتمان بەهێنانی پێنج یاریزانی ئاست بەرز بەستووە و گرێبەستمان لەگەڵیان واژۆ كردووە، ئەمساڵ زیاتر لە70ملیۆن دینارمان سەرفكردووە و ململانێی گشت یانەكانی كوردستان و عێراق دەكەین بۆ بەرزكردنەوەی ناوی یانەی زاخۆ، حەزدەكەین گرنگی زیاتر بەتیپەكانی لاوان و تازەپێگەیشتوان بدرێت لەیاری باسكە بۆ ئەوەی ئەم یارییە زیاتر پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێ، سەرۆكی یانەش هاوكاری بەردەواممان دەكات.
جگەر خوێن عەلی یاریزانی زاخۆ گوتی «ئەوەی ڕاستی بێت ئەمساڵ یانەی زاخۆ لەئاستێكی بەرز دایە، چونكە خاوەن ژمارەیەك یاریزان و ڕاهێنەرێكی بەتواناین بۆئەوەی ناوی شارەكەی خۆمان بەرزكەینەوە، ئێمەش بەردەوام هەوڵدەدەین گرنگی بەئاست و تواناكانی خۆمان بدەین لەخولەكانی عێراق و كوردستان. دەستەی كارگێڕی یانەش هاوكاری بەردەواممانن لەگشت خولەكان، لەئێستاشدا لەخولی عێراقی بەشدارین و ئامانجمان ئەوەیە ئەنجامێكی شایستە لەخولەكە دەستەبەر بكەین، بۆئەوەی ئێمەش شان بەشانی یانەكانی تری عێراقی ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنین. سوپاسی هاندەرانی یانەكەشمان دەكەم كە هەمیشە پاڵپشتی یانەكەمانن.
رەیان داود یاریزانی یانەی زاخۆ گوتی «یانەی زاخۆ یانەیەكی گەورەیە و ئەمساڵ خاوەنی كۆمەڵێك یاریزانی بەتواناین، لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق شوێن و ناومان دیارە و هەوڵیش دەدەین ناوی زاخۆ بەپڕشنگداری بهێڵینەوە، ئەمساڵیش بەهۆی بەهێزی یانەكەمان چاومان لەوەیە بتوانین ئەنجام و ئاستمان دڵخۆشەكەر بێت، لەخولی كوردستان ئاستمان باشە و هەوڵیش بۆ بەدەستهێنانی نازناوێك دەدەین، هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە لەیانەی زاخۆ، چونكە دەستەی كارگێڕی هاوكار و پاڵپشتمانن لەگشت ڕوویەكەوە.
