یانەی پێشمەرگەی هەولێر ڕاهێنەرێكی نوێ بۆیانەكەی دەستنیشان دەكات

یانەی پێشمەرگەی هەولێر ڕاهێنەرێكی نوێ بۆیانەكەی دەستنیشان دەكات
دوای ئەوەی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەست لەكاركێشانەوەی عەبدوڵڵا مەحمودی ڕاهێنەری یانەكەی قبوڵ كرد، بەمەبەستی پڕكردنەوەی شوێنی ڕاهێنەری ناوبراو كە لەچەند هەفتەی ڕابردوو ئاستی تیپەكە وەكو پێویست نەبوو لەیارییەكانی خولی نایابی كوردستان، بۆئەم مەبەستەش دەستەی كارگێڕی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوای گفتوگۆیەكی بەردەوام توانی عەبدولقادر حوسێنی ڕاهێنەری پێشووی یانەكەی وەكو ڕاهێنەری تازەی یانەكە دەستنیشان بكات، بۆئەوەی یانەی پێشمەرگە لەم قەیرانەی ئێستا ڕزگار بكات كە تیپەكە لەم چەند یارییەی ڕابردوو تێكەوتووە و یانەكەش بگەڕێنتەوە ئاستی جارانی خۆێ، نیهاد عادل سكرتێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئەوەی ئاشكرا كرد دوای كۆبوونەوەی دەستەی كارگێڕی یانەكە بڕیاری ئەوەیانداوە كە عەبدولقادر حوسێن كە پێشتر ڕاهێنەری یانەی ناوبراو بووە، بیگەڕێننەوە یانە كۆنەكەی خۆی كە پێشووتر ئەركی ڕاهێنەری یانەكەی لەئەستۆ بووە، گوتیشی ئێمە لەدەستەی كارگێڕی متمانەی تەواومان بەو ڕاهێنەرە هەیە، چونكە پێشتر كاری لەگەڵ یانەكە كردووە، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئێستا یانەكەیان ئەوەیان لەتوانادایە ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكە بكەن. گوتیشی: خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی بەتواناین بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی باش دەكەین.
Top