بەسەرپەرشتی یەكێتی ناوەندی زۆرانبازی كوردستان و بەهاوكاری لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، بڕیارە لەڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو لەشاری زاخۆی دەلال خولێكی ڕاهێنەرایەتی یاری زۆرانبازی نێودەوڵەتی دەستپێبكات. بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوونی ڕاهێنەرانی یاری زۆرانبازی بەیاسا نوێیەكانی یارییەكە، ئەم خولە یەكمجارە لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، خولەكەش لەماوەی یەك هەفتە ئەنجامدەدرێـت و وانەكانی خولەكەش لەلایەن وانەبێژانی نێودەوڵەتی دەگوترێنەوە، وانەبێژەكانیش هەمووی لەئاستی وانەبێژی نێودەوڵەتین لەیەكێتی زۆرنبازی نێودەوڵەتی. وانەكان بەهەردوو شێوازی تیۆری و پراكتیكی دەگوترێنەوە و بڕیاریشە زیاتر لە40 ڕاهێنەر لەیانەكانی شارەكانی كوردستان و هەڵبژاردەكانی شارەكانی عێراقی بەشداربن، وانەكانیش لەلایەن وانەبێژی نێودەوڵەتی یاگووبی سوێدی دەگوترێنەوە، لەم بارەشەوە شەوقی فەرەج ئەندامی یەكێتی زۆرانبازی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد كە مەبەستیان لەكردنەوەی ئەم خولە زیاتر خزمەتكردنی یاری زۆرانبازی و ئاشنابوون بەیاسا نوێیەكانی سەردەمە. شایەنی باسە ئەم خولە لەسەر ئەركی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بەڕێوەدەچێت.