چوار كورد بوونە ڕاهێنەری هەڵبژاردەكانی عێراق
لەلێدوانێكیدا موسا موحسین یاریدەدەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ پایسكلسواری گوتی: یەكێتی پایسكلسواری عێراق بەفەرمی بڕیاری دا ڕاهێنەر عەلی حەمید وەكو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوان دەستنیشان بكرێت و منیش ببمە یاریدەدەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە، هەست بەخۆشیەكی زۆر دەكەم، بۆ ئەم مەبستە وا بڕیارە دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ-ی قوتابیان هەڵبژاردەی لاوانی عێراق ئۆردوگایەكی مەشقی لەشاری هەولێر ئەنجام بدات بەمەبەستی خۆئامادەكردنمان بۆ هەردوو پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لەئیمارات و پاڵەوانێتی مازنداران لەوڵاتی ئێران، هەردوو پاڵەوانێتی لەمانگی سێ بەڕێوە دەچێت.
لەلایەكی دیكەوە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق عەبدولقادر نورەدین لەلێدوانێكیدا گوتی: یەكێتی پایسكلسواری عێراق بەفەرمی ئەركی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراقی بەمن سپارد و ڕاهێنەر سیروان سامی وەكو یاریدەدەری ڕاهێنەر دەستنیشان كرا، كە ئەویش كوردە، وا بڕیارە دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ دوو ئۆردوگای مەشقی لەشاری سلێمانی و هەولێر ئەنجام بدەین بەمەبەستی خۆئامادەكردنمان بۆ پاڵەوانێتی ئاسیا، كە مانگی داهاتوو لەوڵاتی مالیزیا بەڕێوە دەچێت و گشت یاریزانانی هەڵبژاردەكە كوردن.
جێگەی باسە چەندین یاریزانی كورد بانگهێشتی هەڵبژاردەكانی عێراق لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان و لاوان و پێشكەوتووان و كچان كراون.
