دوای ئەوەی دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی بەفەرمی بڕیاری دا گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێكی تیپەكانی یانەكە مۆر نەكرێت جگە لەیاری تۆپی پێی، ئەمەش بووە نیگەرانی چەند یاریزانێكی تیپی تێنسی سەرمێزی یانەكە، بۆیە لەڕۆژانی ڕابردوو چەند یاریزانێكی سەرەكی یانەی سلێمانیان جێهێشت و بەگرێبەستی گرانبەها گرێبەستیان لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی مۆركردووە، بەڵام دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی دووبارە تیپی تێنسی سەرمێزی یانەكەی ڕێكخستەوە و تەنیا بەمووچە گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزان مۆركرد ئەویش هەریەكە لەیاریزانان سەیوان جەمال بەمووچەی (600) هەزار دینار و بەختیار عەبدولباقی بەمووچەی (650) هەزار دینار و یاریزانی پێشووی پێشمەرگەی سلێمانی بەڵێن حەیدەر بەمووچەی (600) هەزار دینار، لەپرۆگرامی یانەكەدا مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی پیشەگەر بۆ بەشداریكردن لەگەڵ یانەكە لەهەردوو پاڵەوانێتی كورستان و عێراق.
جێگەی باسە یانەی سلێمانی لەتێنسی سەرمێز یەكێكە لەیانە بەهێزەكانی كوردستان و عێراق و خاوەنی چەندین نازناوە و بەشداری لەدواین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بۆ تێنسی سەرمێز لەوڵاتی ئوردن كرد.