پێكانی پیپێ و راگرتنی ئەربیلوا ناخۆشترین هەواڵە لە ریال مەدرید بەر لە كلاسیكۆ

پێكانی پیپێ و راگرتنی ئەربیلوا ناخۆشترین هەواڵە لە ریال مەدرید بەر لە كلاسیكۆ
یانەی ریال مەدرید ئامادەكارییەكانی خۆی بۆ یاری كلاسیكۆ لە بەرامبەر بەرشەلۆنە لە رۆژی چوارشەمەی داهاتوو لەسەر یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ لە چوارچێوەی قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا دەستپێكرد.
لە مەشقەكانی یانەكەدا پیپێی بەرگریكەری یانەكە بەهۆی پێكانی لە ئەژنۆیدا بەشداری نەكرد و ئەوەش ترسی لای هاندەرانی یانەكە دروستكردووە كە ئەو یاریزانە نەتوانێ بەشداری یارییەكە بكات و لە بەرامبەردا هەواڵی خۆش گەڕانەوەی ئەنخیل دی ماریا بوو بۆ مەشقكردن لەگەڵ هاوڕێكانی دوای چاكبوونەوەی لەو پێكانەی پێشتر تووشی هاتبوو.
لە مەشقەكاندا هەروەها حەمید ئالتینتۆپی توركی ئامادەبوو كە لە یاری رابردووی یانەكەی بەرامبەر ریال مایۆركا لە خولی ئیسپانی بەشداری نەكرد و جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەكە هەریەك لە تۆماس میخیاس و جۆسیپ سینێی لە تیپی دووەمی ریالەوە بانگهێشتی مەشقەكانی یانەكەی كرد.
یاریزانێكی تری ئامادەنەبووی مەشقەكان سامی خدیرە بوو كە بەهۆی پێكانەوە بە تەنیا یاری كرد و هێشتا توانای گەڕانەوە بۆ یاریكردنی نییە و كێشەیەكی تری ریال مەدرید یاری نەكردنی ئەربیلوای بەرگریكەری لای راستی تیپەكە دەبێت كە بەهۆی وەرگرتنی كارتی سوورەوە لە یاری پێشووی بەرامبەر مەلەگە یاری ناكات و ئەوەش كێشەی زۆر بۆ بەرگری لای راستی یانەكەی دروست دەكات.
Top