ئەبیدال گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا نوێ كردەوە
دوای دانووستانێكی درێژ لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا یانە ئیسپانییەكە سەركەوتوو بوو لە هێشتنەوەی ئەبیدالی یاریزانی قاڵی فەرەنسی تا ساڵی 2013 و رێكەوتنی هەردوولا ماوەی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكە تا 2015 هێشتووەتەوە.
ئەبیدالی 32 ساڵ لە ساڵی 2007ەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كردووە و پێشتر كێشەی لە دانی باجدا هەبوو بۆیە رازی نەبوو گرێبەستەكەی بە شێوەی ئێستای نوێ بكاتەوە.
هەرچەندە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان ئەبیدال و جەماوەری یانەكەیدا هەیە، بە تایبەت كە ئەو ساڵی رابردوو دووچاری شێرپەنجەی جگەر هات، بەڵام ئەو یاریزانە سووربوو لەسەر باشتركردنی دۆخی گرێبەستەكەی.
ئەبیدال تا ئێستا 177 یاری لەگەڵ بەرشەلۆنەدا ئەنجامداوە و تەنیا یەك گۆڵی لە جامی شای ئیسپانیادا تۆمار كردووە.
