سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا: بەرامبەر رەگەزپەرستی نێو یاریگاكانمان نەرمی نانوێنین
لە وەرزی ئەمساڵدا چەند دیاردەیەكی رەگەزپەرستی لە یارییەكانی خولی نایابی ئینگلیزیدا روویاندا، لە هەموویان دیاتر قسەگوتنی لویس سوارێزی هێرشبەری لیڤەرپوول بوو بە پاتریس ئیڤرای بەرگریكەری یانەی مانچستەر یونایتد و بەهۆی ئەو قسە رەگەزپەرستییانەوە سوارێز 8 یاری راگیرا.
كامیرۆن لە ئاهەنگێكی رێكخراوی ستریت لیگدا گوتی پەیامی من ئاشكرایە، نەرمی بەرامبەر رەگەزپەرستی لە بەریتانیا نانوێنین، لە نێو ئێمەدا جێگەی نابێتەوە و لە هەر كوێیەك بێت ئێمە دەریدەكەین.
كامیرۆن داوای لە یاریزانانی خولی ئینگلیزی كرد نموونەی دژایەتیكردنی رەگەزپەرستی بن و دووپاتی كردەوە كە پێویستە یاریزان و راهێنەرانی خاوەن رەگەزی جیاواز بگەنە پۆستی گەورە لە یانەكاندا.
جیا لە سوارێز جۆن تێری كاپتنی یانەی چێڵسیش تۆمەتێكی هاوشێوەی رووبەڕوو كراوەتەوە بەهۆی قسەگوتنی بە ئەنتوان فردیناندی یاریزانی یانەی كوینز پارك رینجەرز و پەرلەمانی بەریتانیا ئێستا لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە رەگەزپەرستی لە یاریگاكانی بەریتانیا دروست كردووە.
