بەرازیلییەكان داوا دەكەن هەڵبژاردەكەیان لە یاریگای ماراكانادا یاری بكات
خۆپێشاندەرەكان داوایان لە یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی كرد خشتەی یارییەكانی مۆندیالی 2014 بگۆڕێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردەكەیان لەو یاریگایەدا یاری بكات.
بڕیارە یاریگای ماراكانا یاری كۆتایی مۆندیالی ئەو ساڵەی تێدا ئەنجام بدرێت لەگەڵ 4 یاری لە قۆناخی كۆمەڵەكان كە هیچیان یاری هەڵبژاردەی بەرازیل نین و تەنیا ئەو كات هەڵبژاردەكە لەسەر ئەو یاریگایە یاری دەكات ئەگەر بگاتە یاری كۆتایی.
یاریگاكە هەروەها یارییەكی قۆناخی 16 و یارییەكی قۆناخی هەشتی تێدا ئەنجام دەدرێت.
خۆپێشاندانەكە لەلایەن یەكێتیی هاندەرانی بەرازیلەوە ئەنجامدرا و مۆزیكی سامپای تێدا نمایشكرا و جایریزینیۆی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل كە بەشداری مۆندیالی 1970ی كردبوو بەشداریی تێدا كرد.
یاریگای ماراكانا یاری كۆتایی مۆندیالی 1950ی تێدا ئەنجامدرا كە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای توانی لە بەرازیل بباتەوە و نازناوەكە بەدەست بێنێت.
