بەرشەلۆنە ماكسویلی فرۆشتە پاریس سانجێرمان
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان گرێبەستەكە بە بڕی 4 ملیۆن یۆرۆ ئەنجامدراوە.
یانە ئیسپانییەكە لە بڵاوكراوەیەكدا لەسەر ماڵپەری خۆی فرۆشتنی ماكسویلی تەمەن 30 ساڵی ئاشكرا كرد.
ئەو بەرگریكەرە بەرازیلییە لە ساڵی 2009 پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد بەڵام نەیتوانی بە شێوەیەكی بەرچاو دەربكەوێت و شوێنی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا بكاتەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی هەریەك لە ئیریك ئەبیداڵ و ئەدریانۆ كە لە هەمان شوێنی یاریكردنی ئەو یاری دەكەن.
یانەی بەرشەلۆنە پێشتر ئاشكرای كردبوو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا هیچ یاریزانێك ناباتە ریزەكانی خۆیەوە و بەرپرسانی یانەكە دووپاتیات كردەوە بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشاییەك لە پێكهاتەی یانەكە پشت بە دەرچووانی فێرگەی لامسیای تایبەت بە یانەكە دەبەستن.
ئێستا بەرشەلۆنە تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵ لە خزمەتەكانی هەریەك لە دیڤید ڤیا و ئیبراهیم ئەفیلای بەهۆی پێكانەوە بێبەش دەبێت.
