نور حەسەن یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر: كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی یاریگایە بۆ مەشقكردن

نور حەسەن یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر: كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی یاریگایە بۆ مەشقكردن
نور حەسەن محەمەد لەدایكبووی ساڵی (1994)ـە و یاریزانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی هەولێرە و تایبەتمەندە لەیارییەكانی هاویشتنی ڕم و هاویشتنی قورسایی، لەپاڵەوانێتی كوردستان بۆ یانەكان و پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی پارێزگاكانی كوردستان توانی چەندین ئەنجامی باش و بەرچاو بەدەستبهێنێت، ئەم یاریزانە تەنیا لەیانەی سەرچنار یاری كردووە دواتر پێوەندی بەیانەی پێشمەرگەی هەولێر كردووە، لەپاڵەوانێتی یانەكانی عێراق لەسەر ئاستی لاوان توانی پلەی سێیەم لەهاویشتنی ڕم بەدەستبهێنێت و لەپاڵەوانێتی كوردستان توانی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت، بەپێویستمان زانی لەنزیكەوە ئەم دیمانەی لەگەڵ ئەنجام بدەین.



*بۆچی یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- لەمنداڵیەوە ئارەزووی یاری گۆڕەپان و مەیدانم هەبوو، بۆیە ئەم یارییەم هەڵبژارد، چونكە هەستم كرد دەتوانم ئەنجامی باش بەدەستبهێنم.
* كێ تۆی دۆزیەوە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ڕاهێنەرەكەم سیروان حامد منی دۆزیەوە هەر ئەویش هۆكاری سەرەكی بوو كە ڕوو لەیاری گۆڕەپان و مەیدان بكەم.
* ئایا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراوی؟
- بەڵێ، بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق كرام، بەڵام تا ئێستا بەشداریمان لەهیچ پاڵەوانێتیەك نەكردووە.
* چۆن دەڕوانیە ئاستی وەرزشی ئافرەتان؟
- لەكوردستان وەرزشی ئافرەتان زۆر پێشكەوتووە و پشتگیری لێ دەكرێت، بەڵام لەعێراق بەهیچ شێوەیەك پشتگیری لەوەرزشی ئافرەتان ناكرێت و بایەخی پێ نادرێت.
* چۆن دەڕوانیە ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان-ی كچان؟
- یاری گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی كچان كەس بایەخی پێ نادات و دواكەوتووە، هەرچەندە چەندین یاریزانی بەتوانا هەیە لەم یارییە، ئەگەر بایەخی پێبدەن ئەوە دەتوانن لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە ئەنجامی باش بەدەستبهێنن، لەهەمان كاتدا یەكێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بایەخی زیاتر بەكچە یاریزانە عەرەبەكان دەدات نەوەك كچە كوردەكان، هەرچەندە ئاستی یاریزانە كچە كوردەكان زۆر بەرزترە.
* بۆچی یانەی پێشمەرگەی هەولێر-ت هەڵبژارد؟
- چونكە یانەی پێشمەرگەی هەولێر هەموو شتێكی بۆ دابین كردوین و دەستەی كارگێڕی یانەكە بایەخێكی زۆرمان پێ دەدات، لەهەمان كاتدا ئێمە لەچوار یاریزان و ڕاهێنەرێك پێكهاتووین، بەیەكەوە بڕیارمان دا لەیانەی پێشمەرگەی هەولێر یاری بكەین، زۆر سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەكەمان دەكەین بۆ ئەم پاڵەپشتیەی كە لەئێمە دەكات.
* تا چەند دایك و باوكت هاوكاریان كردووی بۆ ئەوەی لەوەرزش بەردەوام بیت؟
- سەرەتا تووشی هەندێك كێشە بووین، چونكە دایك و باوكم ڕازی نەبوون، بەڵام دواتر ئاستی منیان بینی پاڵپشتیان لێكردم و زۆر سوپاسیان دەكەم بۆ ئەم متمانەیە كە بەمنیان داوە.
* كێشە و گرفتان چییە؟
- كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی یاریگایە بۆ مەشقكردن، ئەمە زۆر كاریگەری لەئاستی ئێمە كردووە، چونكە ناتوانین هەموو ڕۆژێ مەشق بكەین، بەهۆی نەبوونی یاریگا ناچار دەبین كە هەندێك ڕۆژ لەپاركەكان مەشقی خۆمان بكەین، بۆیە هیوادارم بەزووترین كات ئەم كێشەیە چارەسەر بێت و یاریگایەكی تایبەت بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دروست بكرێت.
* جگە لەگۆڕەپان و مەیدان هیچ یارییەكی ترت ئەنجامداوە؟
- بەڵی، جگە لەگۆڕەپان و مەیدان یاری تۆپی پێی و باسكەم ئەنجامداوە، دواتر ئەم دوو یارییەم جێهێشت ڕووم لەیاری گۆڕەپان و مەیدان كرد و ئێستاش هاندەرێكی سەرسەختی یانەی بەرشلۆنەم.
لەكۆتاییدا نور حەسەن محەمەد سوپاسی ڕاهێنەر سیروان حامدی كرد و گوتی: خۆم بەقەرزاری ڕاهێنەرەكەم دەزانم و جگە لەسیروان حامد ڕێگە نادەم هیچ كەسێك ببێتە ڕاهێنەرم و هەوڵ دەدەم ئاستم زیاتر پێش بكەوێت بۆئەوەی بتوانم بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە و ناوەوی كوردستان بكەم بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش.

Top