وەحید محەمەد یاریزانی وشو كۆنفۆی یانەی پێشكەوتن: لە هەڵبژاردەی عێراق تەنیا یاریزانانی عەرەبیان دەوێت

*سەرەتا چۆن ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
-لەوڵاتی ئێران بۆماوەی زیاتر لەپێنج ساڵ لەڕیزی هەڵبژاردەی ئێران یاریزان بوویمە، هەر لەوڵاتی ئێرانیش درێژەم بەژیانی وەرزشی خۆم داوەو تا ئێستاش بەردەوامم.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لەكوردستان؟
- بەشێوەیەكی گشتی باش نییە و لەئاستی پێویست نییە كە شایەنی باسكردن بێت.
*هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-لەكوردستان بایەخ بەم یارییە نادرێت، ساڵانە یەك پاڵەوانێتی دەكرێتەوە بۆیاریزانانی یانەكان، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی یانەكان، یاریزانەكان هەر لەیەك خول دەخولێنەوە ناچنە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە، حكومەتیش مەسروفیان ناكات.
* بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئەم یارییە لەكوردستان پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێ؟
-گرنگی زیاتر بەیاریزانان بدرێت و بودجەیەكی باشیان بۆدابین بكرێت بۆ ئەوەی بەشداری یارییەكانی دەرەوە بكەن، بەتایبەتی لەئێستادا هەوڵبدەین بۆئۆلۆمپیاتی ساڵی 2020جیهانی بەشداربین وەكو یاریزانێكی كورد، هۆڵی تایبەت بەم یارییە لەكوردستان دروست بكرێت، بایەخی زیاتری هەبێت ئەم یارییە لەشارەكانی كوردستان. ئێمە لەهەولێر تەنیا یەك هۆڵمان هەیە ئەوەیش لەیانەی پێشكەوتنە.
*كێشەوگرفتان زیاتر لەچی ڕەنگ دەداتەوە؟
-كێشەكانمان یەكجار زۆرە، لەگەڵ یەكێتی وشو كۆنفۆی عێراق بەردەوام لەكێشەین، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق 10 كێشە، بەبێ ئاگاداری یاریزانانی كورد تەنیا یاریزانە عەرەبەكان بەشداریان پێ دەكرێت لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە .
*كاتێ لەهەڵبژاردەی ئێران بووی وەكو یاریزانێكی كورد بەشداری خولەكانت دەكرد؟
-بەلێ وەكو كوردێك بەشداربوویمە.
*حەزدەكەی هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و بەئاڵای كوردستان بەشداری پاڵەوانێتیەكان بكەی؟
-بێگومان، لەساڵی 2009لەپاڵەوانێتی فەجر لەئێران بەناوی كوردستان بۆیەكمجار بەشداریمان كرد.
*بەهیوای ئەوەی قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی ئەم یارییە بكرێتەوە لەكوردستان؟
-كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە زۆر گرنگ نییە، چونكە ئەم قوتابخانەیە تەنیا لەوڵاتی چین هەیە، بەڵام كێشەی ئێمە نەبوونی هۆڵێكی تایبەتە ئەگەر هەبێت، ئێمە بەناوی كوردستان بەشداری خولەكانی دەرەوە دەكەین.
*لەهەڵبژاردەی عێراق داوا نەكراوی؟
-نەخێر بەهۆی خراپی یەكێتی وشو كۆنفۆی عێراقی بەرامبەر كوردەكان.
*هیچ یانەیەك لەكوردستان داوای یاری كردنی لێ نەكردی؟
-نەخێر تەنیا لەیانەی پێشكەوتنم.
*هیواو ئاواتت چییە لەداهاتوو بۆخۆت؟
-بەهیوای ئەوەم چەندین یاریزان لەسەر دەستی خۆم دروست بكەم، بۆخزمەتكردنی كوردستان، لەئێستاشدا لەشاری سلێمانی ئەم بیرۆكەیە لەیانەی ئاشتی هەیە. دەتوانین هەڵبژاردەی كوردستان دروست بكەین.
*پرۆگرامت چییە بۆداهاتووی خۆت؟
-بتوانم لەساڵی 2012لەپاڵەوانێـتی جیهانی بەشداربم.
*ئەنجامەكانت چی بووە لەڕابردوو وەكو یاریزانێك؟
-لەساڵی 2008لەپاڵەوانێتی جیهانی لەئیتالیا بەشداریم كرد و پلەی سێیەمم بەدەستهێنا، لەوڵاتی ئەزرباینجان پلەی یەكەمم بەدەست هێنا لەساڵی 2009بەناوی كوردستان بەشداریم كرد لەوڵاتی ئەرمەنیا پلەی یەكەمم بەدەست هێنا.
*چۆن بوو هاتیە كوردستان و ڕووت لەیانەی پێشكەوتن كرد؟
-كێشە و گرفتی ئێمە لەگەڵ یەكێتی وشو كۆنفۆی ئێرانی ئەوە بوو كە ئێمە یاریزانی كورد بووین، كەس نەبوو یارمەتیمان بدات، چونكە ئێمە كورد بووین، یاریزانانی فارس و تورك دەبەنە هەڵبژاردە، هەرچەندە ئەنجامیشم هەبوو لەپاڵەوانێتی مۆسكۆ لەڕووسیا پلەی سێیەمم بەدەسهێنا.
*داواكاریت چییە بۆلایەنی بەرپرس؟
-بەهیوای ئەوەم زیاتر بایەخ بەیارییە تاكەكان بدرێت، چونكە یاریزانانی كوردستان دەتوانن ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنین لەم یارییانە.
