ڤینۆس ویلیامز لە پاڵەوانیەتیی ئوسترالیای كراوە كشایەوە

ڤینۆس ویلیامز لە پاڵەوانیەتیی ئوسترالیای كراوە كشایەوە
ڤینۆس ویلیامزی تێنسزانی ئەمەریكی پاشەكشەی لە پاڵەوانیەتیی ئوسترالیای كراوە كرد كە لە چەند رۆژی داهاتووی ئەم مانگەدا دەست پێدەكات و گوتی ناتوانێ دوای دابڕانی درێژ بەهۆی نەخۆشییەوە بگەڕێتەوە بۆ یاریكردن.
ئەو یاریزانە ئەمەریكییە لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە بەشداری هیچ یارییەكی نەكردووە كاتێك پاشەكشەی لە پاڵەوانیەتیی ئەمەریكای كراوە كرد بەهۆی نەخۆشییەكەوە كە بووەتە هۆی هەستكردنی بە ماندووبوون و ئازار لە جومگەكانی لەشیدا.
ڤینۆس كە پێشتر 5 نازناوی پاڵەوانیەتیی ویمبڵدۆنی بەدەست هێناوە گوتی هەوڵ دەدەم لە مانگی شوباتی داهاتوودا بگەڕێمەوە بۆ یاریگاكان.
ڤینۆسی 31 ساڵ لە بڵاوكراوەیەكدا لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت گوتی بەداخەوە پاشەكشە لە پاڵەوانیەتیی ئوسترالیای كراوە دەكەم، دوای ئەوەی چەند مانگێك چارەسەر و پشووم وەرگرت بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە ئاستی پێشووی خۆم.
هەروەها گوتی پێشكەوتنی بەرچاو هەیە لە دۆخی تەندروستی مندا و بەم نزیكانە دەگەڕێمەوە.
Top