مانچینی هێرش دەكاتە سەر نانی و روونی

مانچینی هێرش دەكاتە سەر نانی و روونی
چەند كاتژمێرێكی كەم دوای دۆڕانی یانەی مانچستەر ستی بە یانەی مانچستەر یونایتد لە جامی یەكێتیی ئینگلتەرا بە ئەنجانمی 3-2، رۆبەرتۆ مانچینی راهێنەری یانەی مان ستی هێرشی كردە سەر نانی یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتد كە بووە هۆی دەركردنی ڤینسنت كۆمپانی یاریزانی مانچستەر ستی لە خولەكی 12ی یارییەكەدا و گوتی ئەو یاریزانە بە ئەنقەست ئەوەی كردووە.
هێشتا ئەو لێدوانە لەبیر نەچووەتەوە كە مانچینی جارێكی تر گەڕایەوە سەر هەمان باس، بەڵام ئەمجارەیان هێرشی كردە سەر واین روونی هێرشبەری مانچستەر یونایتد و گوتی ناوبژیوانی یارییەكە نەیدەویست كارتی سوور بە كۆمپانی بدات، بەڵام روونی لێی نزیك كەوتەوە و فشاری خستە سەر بۆ ئەوەی ئەوە بكات.
مانچینی گوتی جیا لە روونی ریۆ فردیناندیش چەند جارێك هەمان كاری كرد بۆ سەرلێشێواندنی ناوبژیوانەكە.
لە بەرامبەردا سێر ئەلێكس فێرگسۆنی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد بەرگری لە بڕیاری ناوبژیوان لەبارەی دەركردنی كۆمپانییەوە كرد و گوتی بڕیارەكەی گونجاو و لە شوێنی خۆیدا بوو. ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمپانی پێشتر هەڵەی لەو شێوەیەی بەرامبەر یاریزانان كردووە بەڵام سزا نەدراوە و ئەو لە كاتی بەركەوتنی لەگەڵ یاریزانانی تردا مەبەستی ئاشكرایە كە دەیەوێ ئازاریان پێ بگەیەنێت و بەركەوتنەكانی بەركەوتنی ئاسایی نین.
Top