ساڵی 2011.. درەوشانەوەی جۆكۆڤــیج.. باڵادەسـتی یانەی بەرشـلۆنە

ساڵی 2011.. درەوشانەوەی جۆكۆڤــیج.. باڵادەسـتی یانەی بەرشـلۆنە
ساڵی 2011 چەندین ڕووداوی وەرزشی تێدا تۆماركرا، یانەی بەرشلۆنە جارێكی دیكە باڵادەستی خۆی لەیاریگاكانی تۆپی پێ دووپات كردەوە، ئەستێرەی نۆڤاك جۆكۆڤیج لەیاریگاكانی تێنس درەوشاوە، بەڵام گرنگ ئەوە بوو سەركەوتنەكانی ئەستێرەكانی وەرزش ئەوەی سەلماند ئەو دەسكەوتانە تەنیا لەلایەن مرۆڤەوە تۆمار كراوە و ئەگەری شكست و هەڵەی تێدا هەیە.
هەردوو ئەستێرەی جیهانی یۆساین بۆلت لەگۆڕەپان و مەیدان و مەلەزانی ئەمریكی مایكل فیلپیس وەك مرۆڤ بەدیاركەوتن و تووشی هەڵەی گەورە بوون و هەندێك نازناویان لەدەستدا، بەڵكو ئەوەیان سەلماند كە هەر یاریزانێك ئەگەر ئەستێرەش بێ لەوانەیە تووشی هەڵەو دۆڕاندن بێت، یاریزان بۆلت كە بەئەفسانەی گۆڕەپان و مەیدان ناسراوە لەیارییەكانی جامی جیهانی لەكۆریای باشوور تووشی شۆك هات كاتێك بەهۆی هەڵەی دەستپێكردنەوە لەڕاكردنی 100 مەتر دوور خرایەوە كە ئەو پاڵێوراو بوو بۆ پلەی یەكەم و تۆماركردنی ڕیكۆردێكی تازەی جیهانی ئەوەش ڕێگای خۆشكرد بۆ هاووڵاتیەكەی یۆهان بلیك بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەكەم و ئاگادارییەك بوو بۆ بۆلت كە دەكرێ ململانێی بكرێت لەئۆلۆمپادی لەندەن 2012، بۆلت دواتر توانی پلەی یەكەم لەڕاكردنی 200 مەتر و 4 x 100 مەتر بەدەست بهێنێت.
ئەم حاڵەتە بەسەر مەلەزانی ئەمریكی مایكل فیلیپسیش هات كە 8 میدالیای زێڕی لەئۆلۆمپیادی پەكین بەدەست هێنابوو، بەڵام لەجامی جیهانی 2011 تەنیا 4 میدالیای زێڕی بەدەست هێنا، ئەوەش وای لێدەكات كە زیاتر خۆی ماندوو بكات بۆ ئۆلۆمپیادی لەندەن.
* باڵادەستی یانەی بەرشلۆنە
لەجیهانی تۆپی پێدا یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی باڵادەستی خۆی لەمەیدانەكاندا دووپاتكردەوە لەڕێگای ئەو ئاستە جوانەی كە پێشكەشی كردووە لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی كە تۆماری كردووە كە وایلێكرد ببێتە یەكێك لەباشترین تیپەكانی تۆپی پێ لەمێژوودا، ئەگەر باشترینیان نەبێت، یانەی بەرشلۆنە توانی لەیانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بباتەوە لەیاری كۆتایی چامپیونز لیگ لەیاریگای ویمبلی لەشاری لەندەن بەئەنجامی (3-1) گۆڵ دوای ئەوەی لەقۆناغی پێش كۆتایی ڕكابەرە مێژووییەكەی یانەی ڕیال مەدریدی دوورخستەوە، بەرشلۆنە بەڕابەرایەتی ڕاهێنەر جۆسیب گواردیۆلا و ئەستێرەكانی وەك میسی و زاڤی و ئەنیستا نازناوی مۆندیالی یانەكانی لەتۆكیۆ بەدەست هێنا كە تاكە یانەیە لەجیهان كە دووجار ئەم جامەی بەدەست هێناوە، جگە لەم دوو نازناوە یانەی بەرشلۆنە بۆ وەرزی سێیەم لەسەریەك بووە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا و بەپێش یانەی ڕیال مەدرید كەوت، هەروەها هەردوو نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا و سوپەری ئیسپانیای بەدەست هێنا.
* گەندەڵی فیفا
لەساڵی 2011 هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) و دیاردەی گەندەڵی ناو ئەم ڕێكخراوە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاكێشا، جۆزێف سیب پلاتەر بەئاسانی لەپۆستی سەرۆكی فیفا مایەوە دوای كشانەوەی ڕكابەرەكەی محەمەد بن هەمامی قەتەری پێش هەڵبژاردنەكان و دواتر بەتۆمەتی بەرتیل دانەوە تاوانباركراو لەسەرجەم كارو چالاكییەكانی وەرزشی ڕاگیرا، ئەم كێشەیە گەورەترین كێشەی گەندەڵی وەرزشی ساڵی 2011 بوو لەگەڵ دیاردەی گەندەڵی و یاریكردن بەئەنجامی یارییەكان لەهەردوو خولی ئیتالیا و توركیا.
هەواڵی خۆكوشتنی ڕاهێنەری هەڵبژادەی وێڵز گاری سپید لەمانگی نۆڤەمبەری ڕابردوو ئەو ڕاستیەی دووپاتكردەوە كە فشارێكی یەكجار زۆر هەیە لەسەر ئەو كەسانەی كە لەبواری تۆپی پێ كار دەكەن بەتایبەتی كە خۆكوشتنی سپید لەدوای چەند ڕۆژێك بوو لەهەوڵی خۆكوشتنی ناوبژیوانێكی ئەڵمانی، ڕاهێنەری یانەی شالكە ڕالف ڕانجینك بەهۆی ماندووبوون وازی لەكارەكەی هێنا لەو كاتەی هەندێك لەیاریزانانی تۆپی پێ لەلای پزیشكی دەروونی خۆیان لەبێزاری چارسەردەكرد.
* ئافرەتانی ژاپۆن و پیاوانی ئۆرگوای
لەگۆڕەپانی تۆپی پێی كیشوەری ئاسیا هەڵبژاردەی ژاپۆن جامی ئاسیای لەوڵاتی ژاپۆن بەدەست هێنا دوای بردنەوەی لەئوستورالیا، بەڵام هەڵبژاردەی ئافرەتانی ژاپۆن گەورەترین دەسكەوتیان تۆمار كرد كاتێك توانیان مۆندیالی ئافرەتان ببەنەوە لەوڵاتی ئەڵمانیا، لەكیشوەری ئەمریكای باشوور هەڵبژاردەی ئۆرگوای بەردەوام بوو لەئاست بەرزی و توانی كۆپا ئەمریكا بباتەوە لەمانگی تەمموزی ڕابردوو كە یارییەكانی لەئەرژەنتین بەڕێوەچوو.
لەئەوروپاش یانەی بەرشلۆنە بووە پاڵەوانی چامپیونز لیگ، یانەی پۆرتۆ بووە پاڵەوانی یۆرۆ لیگ دوای سەركەوتنی بەسەر یانەی سپۆرتینگ براگا لەیاری كۆتایی كە هەردوو یانەكە پورتوگالی بوون، لەسەر ئاستی هەڵبژادەكانیش هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەڵمانیا لەسەرجەم یارییەكانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2012 سەركەوتنیان تۆمار كرد، بەڵام ئەڵمانیا لەیارییەكانی كۆتایی لەگروپی مردن یاری دەكات لەگەڵ هەڵبژاردەكانی هۆڵەندا و دانیمارك و پورتوگال.
* وەرزشی ئەڵمانیا
وەرزش و وەرزشوانانی ئەڵمانیا لەساڵی 2011 دەسكەوتی گەورەیان تۆماركرد، یاریزانی باسكەی ئەڵمانی دیریك نۆڤۆزكی ڕابەرایەتی تیپی دالاس ماڤرێكسی كرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی باسكەی ئەمریكا (NBA)، هەروەها شۆفێری ئەڵمانی سبستیان ڤیتل كاروانێكی نمونەیی پێشكەش كرد لەپاڵەوانیەتی جامی لەپێشبڕكێی ئۆتۆمبیل جۆری فۆرمولا یەك و بۆ جاری دووەم لەسەریەك بووە پاڵەوانی جیهان، ئەو ئاستە بەرزە مەترسی لەلای هەواداران و لێپرسراوانی فۆرمولا یەك پەیدا كردووە كە ڤیتیل و تیپی ڕیدبۆل بۆ ماوەی چەندین ساڵ كۆنترۆلی جامی جیهانی دەكەن هەروەك چۆن مایكەل شوماخەری ئەڵمانی بۆ 7 جار ئەم نازناوەی بەدەست هێنابوو.
* ئاست بەرزی جۆكۆڤیج
لەیاریگاكانی تێنسی سەر زەوی ساڵی 2011، ساڵی یاریزانی سڕبی نۆڤاك جۆكۆڤیج بوو دوای ئەوەی جوانترین ئاستی هونەری پێشكەشكرد و هاتە ڕیزبەندی یەكەمی باشترین یاریزانانی جیهان، جۆكۆڤیج توانی 10 نازناو بەدەست بهێنێت كە سێ نازناو لەپاڵەوانەتیە گەورەكان بوو كە بەگراند سلام ناسراوە كە نازناوی ئوستورالیا و ویمبلدون و ئەمریكای كراوە (فلاشینگ میدۆز) بوون، یاریزانی ئیسپانی ڕافاییل نادال نازناوی پاڵەوانیەتی ڕۆلان گارۆسی بەدەست هێنا، هەروەها نادال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی جامی دێڤزی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەكان بەدەستهێنا.
لەسەر ئاستی ئافرەتان كچە یاریزانی چیكی پیترا كیڤیتۆڤا پاڵەوانیەتی ویمبلدون و ماستەرزی كۆتایی ساڵی بەدەست هێنا و گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر پۆلینكاری یەكەمی جیهان كچە یاریزانی دانیماركی كارۆلین ڤۆزنیاكی كە نەیتوانی هیچ پاڵەوانتیەكی گەورە بەدەست بهێنێت.
لەیارییە وەرزشییەكانی دیكە یاریزانی بۆكسێنی ئەمریكی جۆ فریزەر كۆچی دوایی كرد، كادیل ئیڤانز بووە یەكەم پایسكسواری ئوستورالی كە نازناوی پاڵەوانیەتی فەرنسای كراوە (تۆر دو فرانس) بەدەست دەهێنێت، لەیاری بالەش هەردوو هەڵبژاردەی ئیتالیا لەسەر ئاستی ئافرەتان و ڕووسیا لەسەر ئاستی پیاوان نازناوی جامی جیهانیان بەدەست هێنا.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا
Top