تێڤێز تەنیا 2 هەفتە راگیرا
تێڤێز لە یاری یانەكەی بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا رازی نەبوو بەشداری لە یارییەكەدا بكات وەك یەدەگ و ئەوەش یانەكەی ناچاركرد بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەو یاریزانە رابگرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەست پێ بكات.
یانەی مانچستەر ستی لەسەر ماڵپەڕی خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت ئاشكرای كرد راگرتنی دوو هەفتەی تێڤێز بۆ تەواوبوونی لێكۆڵینەوە لەگەڵی دێت كە بەهۆی ملكەچ نەبوونی بۆ بڕیاری راهێنەری یانەكە و بەشداری نەكردن لە دوا یاری یانەكە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەگەڵیدا دەست پێكراوە.
دوای یارییەكە رۆبەرتۆ مانچینی راهێنەری یانەكە هەڵوێستی تێڤێزی ئاشكرا كرد و گوتی ئەو یاریزانە چیدی لەگەڵ تیپەكەدا بەشداری یارییەكان ناكات.
مان ستی هەروەها ئاشكرای كردووە لە ماوەی دوو هەفتەی لێكۆڵینەوەدا تێڤێز ناخرێتە نێو لیستی یانەكەوە بۆ بەشداریكردن لە یارییەكان و بۆی نییە بەشداری مەشقەكانی یانەكەی بكات.
