راهێنەری ئەرسناڵ: ڤان پێرسی وەك میسی وایە
ڤان پێرسی پێشەوایەتی ئەرسناڵی كرد بۆ بردنەوە لە بۆڵتۆن بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر و ئەو هێرشبەرە هۆڵەندییە 2 لە گۆڵەكانی یانەكەی لەو یارییەدا تۆمار كرد كە دوێنێ شەمە بەڕێوەچوو.
ڤینگەر دوای یارییەكە گوتی ڤان پێرسی یاریزانێكی بێهاوتایە.
لە هاوینی ئەمساڵدا یانەی ئەرسناڵ یاریزانانی وەك فابریگاس و سەمیر نەسری و كلیچی فرۆشت و بەوەش تیپەكە دووچاری دابەزینی ئاست و كێشە لە ریزەكانیدا بووەوە.
ڤینگەر گوتی هەندێك لێم دەپرسن بۆچی من یاری بە ڤان پێرسی دەكەم وەك هێرشبەرێكی پێشەوەی تیپەكەم، لە كاتێكدا ئەو شوێنە شوێنی یاریكردنی ئەو نییە. بەڵام من پێم وایە ئەو وەك میسی وایە، بەردەوام دەچێتە ناو ناوچەی سزا و دێتە دەرەوە، هەروەها دەتوانێ گۆڵ دروست بكات و گۆڵ تۆمار بكات، ئەو یاریزانێكی بێوێنەیە.
