ئەمشەو بەرشەلۆنە لەبەردەم یەكەم نازناوی وەرزی نوێدایە

ئەمشەو بەرشەلۆنە لەبەردەم یەكەم نازناوی وەرزی نوێدایە
ئەمشەو لە یاری گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیدا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید لەسەر یاریگەی نوكامپ بەیەك دەگەن و وێڕای ئەوەی هەردوو یانە هەوڵی بردنەوەی نازناوەكە دەدەن، دەشیانەوێ وەرزی نوێ بە شكستهێنانی گەورەترین ركابەریان دەست پێ بكەن.
یاری چوونی نێوان هەردوو یانە كە یەكشەمەی رابردوو ئەنجام درا، بە یەكسان بوون 2-2 گۆڵ كۆتایی هات، لەبەرئەوەی چاودێران پێیان وایە ئەركی بەرشەلۆنە لە یارییەكەدا ئاسانترە، چونكە ئەمجارەیان لەسەر یاریگا و جەماوەری خۆی یاری دەكات و یەكسان بوونی 0-0 یان 1-1 دەیكاتە خاوەنی نازناوەكە، ئەمە جیا لە بردنەوە بە هەر ئەنجامێك.
بەختێكی تری بەرشەلۆنە ئەوەیە كە لە یارییەكەی ئەمشەودا چەندین یاریزانی سەرەكی بە شێوەی سەرەكی یاری دەكەن، دوای ئەوەی لە یاری پێشوودا بەهۆی پێكان یان نا ئامادەییەوە نەیانتوانی یاریزانی سەرەكی بن، لەوانەش پیكێ و چاڤی.
لە یارییەكەدا پێشبینی دەكرێ ئەگەر بەرشەلۆنە زوو بە ئەنجامێكی باش پێش بكەوێت، گواردیۆلای راهێنەر یاری بە سیسك فابریگاسی یاریزانی نوێی یانەكە بكات، ئەمەش بۆ زیاتر جۆشدانی جەماوەر و خۆشكردنی كەشی بردنەوەكە.
هەرچی یانەی ریال مەدریدە لە یارییەكەدا پێشبینی دەكرێ هەر لە سەرەتاوە هێرش ببات بۆ ئەوەی زوو ئەنجامەكە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت و بەرشەلۆنە بخاتە ژێر فشارەوە.
رۆژنامەكانی ئیسپانیا پێشبینی دەكەن لە یارییەكەی ئەمشەودا مۆرینۆی راهێنەری ریال مەدرید لە سەرەتاوە یاری بە پیپێ بكات لە ناوەڕاستی یاریگا بۆ داخستنی ماوە لەبەردەم یاریزانانی بەرشەلۆنە و رافایل ڤارانی بەرگریكەری تازەی یانەكە بباتە شوێنی ئەو و كۆینتراویش بباتە جێگەی دی ماریا یان خدیرە.
Top