تۆرێس: بێبەختی وازم لێ ناهێنێت
یەكشەمەی رابردوو لە یاری یەكەمی خۆیدا لە وەرزی نوێی خولی ئینگلتەرا، یانەی چێڵسی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ستۆك ستی یەكسان بوو و لەو یارییەدا تۆرێس كە لەوەتەی لە زستانی رابردووەوە پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە كردووە تەنیا یەك گۆڵی تۆمار كردووە، نەیتوانی ئاستێكی باش پێشكەش بكات و بەوەش ئەو یاریزانە رووبەڕووی رەخنەی زۆری جەماوەری یانەكەی بووەوە.
تۆرێس سەبارەی بە رەخنەی جەماوەر گوتی ئاستم لەو یارییە لە چاو وەرزی رابردوو زۆر باشتر بوو، من لە ئاستی خۆم رازیم، لە زۆر شوێندا هەوڵی تۆماركردنی گۆڵم دا، بەڵام بەخت یاوەرم نەبوو، هاندەرانی چێڵسی ئاگادار دەكەمەوە كە من تۆماركردنی گۆڵی بیر نەچووەتەوە، بەڵام ماوەیەكی باشە بەخت یاوەرم نییە و هەر ئەوەش كێشەی بۆ دروستكردووم و دڵنیابن رۆژێك دێ ئەو بێبەختییە بەرم دەدات.
