پەتای پێكان بە توندی لە بەرگری مانچستەر دەدات

پەتای پێكان بە توندی لە بەرگری مانچستەر دەدات
یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی وێڕای سەركەوتنی لە یاری یەكەمی خۆی لە وەرزی نوێی خولی ئینگلتەرا دوای بردنەوەی لە یانەی وێست برۆمیچ ئەلبیۆن 2-1، دووچاری پەتای پێكانی بەرگریكەرەكانی هات و ریۆ فردیناند بووە سێیەم بەرگریكەری پێكراوی یانەكە.
فردیناند لە یاری یانەكەی بەرامبەر وێست برۆمیچ تووشی پچڕانی ماسولكەی ئەژنۆی هات و بەوەش لە ریزی یانەكەی دابڕا.
سێر ئەلێكس فێرگسۆنی راهێنەری یانەكە گوتی فردیناند تا ئۆكتۆبەری داهاتوو ناگەڕێتەوە.
بەو پێكانە ئەو یاریزانە ناتوانێ بەشداری دوو یاری گرنگی یانەكەی بەرامبەر یانەكانی ئەرسناڵ و چێڵسی لە خولی ئینگلتەرا بكات و لە دوو یاری هەڵبژاردەی ئینگلتەراش بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی بولگاریا و وێڵز بەشداری ناكات.
فردیناند سێیەم بەرگریكەری مان یونایتدە دوای نیمانیا ڤیدیچ كە بۆ ماوەی 2 هەفتە دادەبڕێت، هەروەها داا سیلڤا كە بۆ ماوەی 10 هەفتە ناتوانێ یاری بكات.
Top