ئەمڕۆ هەولێر رووبەڕووی زەورا دەبێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر 9ی شەو لە یاریگەی گەڵ لە شاری بەغدا یاری كۆتایی خولی بژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێی لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و زەورا ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوەی یانەی هەولێر توانی لە كۆمەڵەی یەكەم پلەی یەكەم بە دەستبهێنێت و یانەی زەورا لە كۆمەڵەی دووەم پلەی یەكەمی بە دەستهێنا.
هەولێرییەكان چاویان لە جامی چوارەمە
هەرچەندە یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵدا بە قەیرانێكی دارایی تێپەڕ دەبێت و هیچ پاڵپشتێكی نەكراوە، بەڵام توانی ئەنجامی باش لە خولی بژاردەی عێراق و جامی یەكێتی ئاسیا بە دەستبهێنێت و لە یارییەكی ئەمڕۆدا چاوەڕوان دەكرێت زیاتر لە 50 هەزار هاندەر لە نێو یاریگە ئامادە بن و زۆربەیان هانی یانەی زەورا دەدەن و هەندێك لە هاندەرانی هەولێر بەڵێنیان داوە بچنە شاری بەغداد بۆ ئەوەی هانی شێرەكانی قەڵای زەرد بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن بۆ جاری چوارەم جامەكە بگەڕێننەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
هەولێر لە پێشەنگی كۆمەڵەی یەكەمە و زەورا لە پێشەنگی كۆمەڵەی دووەمە
یانەی هەولێر لە كۆمەڵەی یەكەم بوو، توانی پلەی یەكەم بۆ خۆی مسۆگەر بكات دوای كۆكردنەوەی 56 خاڵ دوای ئەوەی توانی لە 17 یاری سەركەوتن بە دەستبهێنێت و 5 یاری یەكسان بوو و 3 یاری تووشی دۆران هات و یاریزانانی هەولێر توانیان 54 گۆڵ تۆمار بكەن و 20 گۆڵ لە یانەی هەولێر تۆمار كراوە.
لە بەرانبەردا یانەی زەورا لە پێشەنگی كۆمەڵەی دووەم دێت بە كۆكردنەوەی 62 خاڵ كاتێك لە 19 یاری سەركەوتنی بە دەستهێنا و لە 5 یاری یەكسانبوو و لە 2 یاری تووشی دۆڕان هات، یاریزانانی یانەی زەورا توانیان 45 گۆڵ تۆمار بكەن و 15 گۆڵی لێ تۆمار كرا.
لوئەی گۆڵكاری خولی عێراق
یاریزانی هێرشبەری یانەی هەولێر لوئەی سەڵاح لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكە دێت دوای ئەوەی توانی 18 گۆڵ تۆمار بكات و بە جیاوازی 5 گۆڵ لەگەڵ یاریزانی هێڵی هێرشبەری یانەی قوە جەوییە ئەمجەد رازی، كە 13 گۆڵی تۆمار كردووە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی گۆڵكاران یاریزانی یانەی هەولێر مەهدی كەریم بە تۆمار كردنی 12 گۆڵ دێت.بەمەش لوئەی سەڵاح بەفەرمی بووە گۆڵكاری خولی عێراق بە بێ ركابەر.
مێژووی یارییەكانی هەولێر و زەورا
یانەی هەولێر و زەورا لە مێژووی یارییەكانی خولەكانی عێراق تا ئێستا 28 یارییان ئەنجام داوە، یانەی زەورا لە 20 یاری سەركەوتنی بە دەستهێناوە و یانەی لە 4 یاری سەركەوتنی بە دەستهێناوە و هەردوو یانە لە 4 یاری یەكسانبوونە.
یەكەم یاری نێوان هەردوو یانە لە ساڵی (87-88) بوو كاتێك یانەی زەورا توانی بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ بەرانبەر سەركەوتن بە دەستبهێنێت. دواین یاری لە نێوان هەردوو یانە لە ساڵی (2009-2010) بوو، كاتێك هەردوو یانە لە یاری پلەی سێیەم و چوارەم رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و یانەی زەورا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێك سەركەوتنی بە دەستهێنا.
چوار ساڵە جامی عێراق هەر لە كوردستانە
لە خولی (2006-2007) تا ئێستا پاڵەوانی خولی عێراق هەر لە كوردستان بووە، كاتێك یانەی هەولێر توانی لە ساڵانی (2006-2007، 2007-2008، 2008-2009) پلەی یەكەم بە دەستبهێنێت و یانەی دهۆك لە وەرزی (2009-2010) توانی پلەی یەكەم بە دەستبهێنێت بۆ ئەم ئەمساڵیش هەولێرییەكان هەوڵ دەدەن جامەكە هەر لە كوردستان بمینێتەوە بۆ وەرزی پێنجەم لەسەر یەكدی بۆیە جەماوەری كوردستان هەموو لە پشت یاریزانانی یانەی هەولێرن لەم یارییە بۆ ئەوەی بتوانن دەستكەوتێكی تر بۆ كوردستان تۆمار بكەن.
شێوازی یاریكردنی یانەی زەورا
یانەی زەورا لە یارییەكانی خولی عێراق بۆ وەرزی ئەمساڵ پشت بە یاریزانەكانی باڵەكان دەبەستێت بە تایبەتی یاریزانان حەیدەر سەباح و سامر سەعید و لە هێڵی هێرشبەر، هەریەكە لە هیشام محەمەد و عەلی سەعد مەترسییەكی تەواو لەسەر یاریزانانی هێڵی بەرگری دروست دەكەن و لە هێڵی ناوەڕاست یاریزانان ئوسامە عەلی و محەمەد سەعد رۆڵێكی باڵایان هەیە لە دروستكردنی هێرشەكانی یانەی زەورا و هەروەها یاریزانانی یانەی زەورا، پشت بە لێدان لە دەرەوەی ناوچەی سزا دەبەستن و هەروەها یانەی زەورا لە لێدانی راستەوخۆ چەندین یاریزانی بە توانای هەیە و لە زۆرەبەی یارییەكان بە لێدانەكانی راستەوخۆ سەركەوتنی بە دەستهێناوە.
