یاریزانی یانەی فلامینگۆ رۆنالدینهۆ جاریكی دیكە هیوای ئەوەی خواست بگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئامادەیی خۆی نیشاندا لە ژێر فەرمانەكانی راهێنەری هەڵبژاردەی سامبا مانۆ مینیزیس بێت، رۆنالدینهۆ كە دوا یاری خۆی لەگەڵ بەڕازیل لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بەرامبەر ئەرژەنتین ئەنجامدا، گوتی: ئامانجی من ئەوەیە باشترین ئاست لە گەڵ یانەی فلامینگۆ پێشكەش بكەم و ئەگەر راهێنەری بەڕازیل بانگهێشتم بكات ئەوە من ئامادەم، من خەون بەو كاتەوە دەبینم كە دەگەڕێمەوە ریزی هەڵبژاردەی سامبا، من ئاستی جەستەییم زۆر باشە، تا مۆندیالی 2014 لەوانەیە زۆر گۆڕانكاری رووبدات هیوادارم بەشداری مۆندیال بكەم.
رۆنالدینهۆ تەمەنی 31 ساڵە و لەسەرەتای ساڵی 2011 گەڕایەوە یانەی فلامینگۆ بە هیوای بەشداریكردن لە مۆندیالی بەرازیل 2014، پێشتریش لە یانەكانی پاریس سان جێرمان و بەرشلۆنە و میلان یاری كردووە و لە مۆندیالەكانی 2002 و 2006 بەشداریكردووە و نازناوەكانی مۆندیالی 2002 و جامی كیشوەرەكانی 2005 و كوپا ئەمریكای 1999 ی لەگەڵ بەڕازیل بەدەست هێناوە، لە ساڵانی 2005 و 2006 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی وەرگرتووە.