مانچستەر سیتی مانەوەی جۆ هارت مسۆگەر دەكات

مانچستەر سیتی مانەوەی جۆ هارت مسۆگەر دەكات
یانەی مانچستەر سیتی سێیەمی خولی ئینگلتەرا لە وەرزی رابردوو داهاتووی گۆڵچی جۆ هارت یەكلاكردەوە بە درێژكردنەوەی بۆندەكەی بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە، بەپێی بۆندە تازەكە هارت تا ساڵی 2016 لە یاریگای سیتی ئۆف مانچستەر ستادیۆم بەردەوام دەبێت .
لە دوای واژۆكردنی بۆندە تازەكەی، جۆ هارت لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری فەرمی یانەی مان سیتی گوتی: بێگومان من ئێستا زۆر خۆشحاڵم لە دوای ئەم بۆندە تازەیە، كاتەكە زۆر گونجاوە بۆ مانەوە لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی.
هەروەها هارت گوتی: من بەهیچ شێوەیەك بیرم لە یانەیەكی دوور لە یانەی مانچستەر سیتی نەكردۆتەوە چونكە وا هەست دەكەم لە ماڵی خۆمم، ئێستا هەست دەكەم یاریزانێكی شایستەم بۆ مانەوە لە یانەی مان سیتی بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە.
شایانی باسە جۆ هارت كە لە هەمان كاتدا گۆڵچی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە لە وەرزی رابردوو بە باشترین گۆڵچی خولی یانە نایابەكانی ئینگلتەرا دەست نیشانكرا دوای ئەوەی ئاستێكی بەرزی پێشكەشكرد.
Top