وەزیری پەروەردە رێز لە هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی هەولێر دەگرێت

وەزیری پەروەردە رێز لە هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی هەولێر دەگرێت
سەفین دزەیی وەزیری پەروەردە پێشوازی لە شاندی هەڵبژاردەی هەولێر بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان كرد، خەڵاتی رێزلێنانی پێشكەشكردن بە بۆنەی وەدەستهێنانی پلەی سێیەم لەسەر ئاستی 18 پارێزگای عێراقدا...
شاندەكە پێكهاتبوو لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە بە یاوەری سەرتیپ فاریق حەسەن سەرۆكی شاند و مومتاز ئەحمەد بەڕێوەبەری كارگێڕی، سەفین دزەیی دەستخۆشی لە هەڵبژاردەكە كرد بەبۆنەی وەدەستهێنانی پلەی سێیەم لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا، وێڕای وەدەستهێنانی چەندین میدالیا لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا.
وەزیری پەروەردە دووپاتیشی كردەوە، وەرزش لایەنێكی گرنگی پێشكەوتنی گەلانە و لە رۆژی ئەمڕۆماندا وەرزش بۆتە زمانێكی جیهانی بۆ پێناسەی گەل و نەتەوەكان، بۆیە ئەم دەستكەوتەی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی هەولێر جێگەی دەستخۆشییە. لەلایەن خۆیەوە سەرتیپ فاریق حەسەن بەناوی هەڵبژاردەكە سوپاسی وەزیری پەروەردەی كردو دووپاتی كردەوە كە پێشوازی و رێزلێنانی وەزیری پەروەردە زیاتر هانی هەڵبژاردەكە دەدات بۆ داهێنان و دەستكەوتی وەرزشی زیاتر لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا، بەتایبەتیش كە تەواوی یاریزانان قوتابی و خوێندكارن.
Top