ئەگوێرۆ بەرەو خولی نایابی ئینگلتەرا
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان رایانگەیاند ئەگوێرۆی تەمەن 22 ساڵ كە وەرزی چوارەمە لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یاری دەكات، لە هاوینی داهاتوو بەرەو خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی دەڕوات بە تایبەتی دوای ئەوەی یانەی ناوبراو نەیتوانی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوو، لەلایەن خۆیەوە بریكاری كارەكانی یاریزان ئەگوێرۆ( برۆنۆ ساتین) وتی: چاوەڕێی وەرزی هاوین دەكەین و ئەوكات هەموو وردەكارییەكان سەبارەت بە ئەگوێرۆ ئاشكرا دەكرێن یان مانەوە لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یان رۆیشتن بۆ یانەیەكی دیكە، بەڵام ئێستا هیچ زانیاریەكم نییە.
هەروەها ساتین وتی: كارێكی باشە باشترین یانەكانی ئەوروپا كێبڕكێ لەسەر كڕینی ئەگوێرۆ بكەن ئەو تەنیا 22 ساڵە و چوار ساڵە لە ئەوروپا یاری دەكات، ئەگوێرۆ حەز دەكات لە بەهێزترین پاڵەوانەتیەكانی ئەوروپا یاری بكات بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت، تا وەرزی هاوین چاوەڕێ دەكەین و دواتر هەموو شتێك روون دەبێتەوە.
وا چاوەڕوان دەكرێت یانەكانی چێڵسی و مانچستەر یونایتد و تۆتنهام لە ململانێ دابن بۆ كڕینی ئەم یاریزانە، بەڵام هەلی یانەی تۆتنهام كەمترە، چونكە زەحمەتە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بكات.
