شتێک دەربارەی ئەندرۆید بەناوی Android N

شتێک دەربارەی  ئەندرۆید بەناوی Android N
دوای وەشاندنی ٦ وەشانی جۆراوجۆر و جیاواز لە لایەن گوگڵەوە، ئەمجارەیان گوگڵ پێی نایە وەشاندنی حەوتەمین نەوەی وەشانەکانی سیستمی وەگەرخەڕی ئەندرۆید. وەشانی حەوتەمی ئەندرۆید ناسراوە بە ئەندڕۆید ئێن (Android N) و ناوی تەواوی وەشانەکەش (Android Nougat) ـە، لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا گوگڵ یەکەمین وەشانی تایبەت بە گەشەپێدەران بڵاوکردەوە، بێگومان ئەمە یەکەم وەشانە و هەموو تایبەتمەندیەکان تیایدا بەردەست نەکراوە، بەڵکو تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و جارێ لەژێر چاودێری دایە.
تایبەتمەندییە فەرمییەکانی Android N

دوو پەنجەرە (Multi-Window)
یەکەمین تایبەتمەندی ڕاگەیەندراو و فەرمی لە وەشانی تاقیکاری ئەندرۆید، تایبەتمەندی بوونی دوو پەنجەرەیە (Multi-Window). لە وەشانی تاقیکاری یەکەمدا بە وتەی ئەو گەشەپێدەرانەی کە بەکاریان هێناوە دەتوانرێت لە یەک کاتدا دوو بەرنامە بەکاربهێنرێت ئەمەش بەهۆی جیاکەرەوەی شاشە (Split Screen) .
بۆ بەکارهێنانی ئەو تایبەتمەندیە دەبێت ئەو دوو بەرنامەی کە لە هەمان کاتدا بەکاریان دێنیت پاڵپشتی دۆخی جیاکردنەوەی شاشە (Split Screen) بکات، بەمەش سیستمەکە خۆی هەڵدەستێت بە گونجاندنی قەبارەی بەرنامەکان. هەروەها دەتوانیت قەبارەی بەرنامەکان بەپێی ئارەزووی خۆت بگۆڕیت بەڵام سنوورێکی بۆ دانراوە و ناتوانرێت بکرێت بە قەبارەیەکی زۆر کەم.
جگە لەمانەش دەتوانرێت لەهەمان کاتدا وێنەیەک بکرێتەوە و کار بە بەرنامەیەکی تر بکرێت (picture-in-picture) .

پشتگیری کردنی باشتر بۆ تابلێتەکان
جگە لەوەی تایبەتمەندی (Multi-Window) پشتگیرییەکی باشی تابلێتەکان دەکات و بە تەواوی گونجێنراوە، بڕیارە کارێکی زیاتر بکرێت بۆ ئەو تابلێتانەی کە کار بە Android N دەکەن، ئەمەش بەهۆی گونجاندنی ڕووبەری بەرنامەکان و دانانی چەند بەرنامەیەکی تایبەت بە تابلێتەکان، گۆڕینی ڕووکاری دەرەوەی سیستم بەشێوەیەک کە جیاواز بێت لە مۆبایلەکان.

ڕووکارێکی نوێ و گۆڕانکاری لە ڕێکخستنی سیستەم (Settings)
یەکێکی تر لە تایبەتمەندیەکانی Android N، بریتیە لە گۆڕانکاری لە ڕووکاری دەرەوەی (Settings)ـی سیستمەکە و هەروەها زیادکردنی چەند هەڵبژاردەیەک و سڕینەوەی هەڵبژاردە بێسوودەکان. گرنگترین گۆڕانکارییەکان بریتین لە زیادکردنی زانیاری بۆ هەر بەشێک لە هەڵبژاردەکان، و هەردوو هەڵبژاردەی ڕێکخستنی دەنگ و ئاگانامەکان جیاکراونەتەوە کە لە وەشانەکانی پێشوودا بەیەکەوە بوون. هەروەها لیستی hamburger گەڕاوەتەوە کە لە چەند وەشانێکی کۆندا بوونی هەبوو، لیستەکە دەتوانرێت لە کاتێکدا بەکاربهێنرێت کە لە ناو یەکێک لە لیستەکانی (Settings) بیت و پێویستت بێت بگەڕێیتەوە شوێنی سەرەکی ڕێکخستن، لە جێگای ئەوەی کە دوگمەی گەڕانەوە دابگریت، دەتوانیت تەنها بە جوڵاندنی دەستت بەرەو ڕاستی شاشەکە ئەو لیستە بەکاربهێنیت، دەتوانیت ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئاماژەمان پێدا لەم دوو وێنەیەدا بیبینیت.

•دۆخی پاشەکەوتکردنی وزە
ئەو تایبەتمەندییە بەسوودەی کە لە وەشانی ئەندرۆید مارشمالۆو بەردەست کرابوو، زۆرێک لە بەکارهێنەران بەدڵیان بوو، هەر بۆیە بڕیاردرا ئەو تایبەتمەندییە لە ئەندرۆید ئێن’ـیش بەردەست بکرێت. چەند گۆڕانکارییەک کراوە لەو تایبەتمەندییە بە بەراورد لەگەڵ وەشانی پێشوو، دۆخی پاشەکەوتکردنی وزە کە بە (Doze Mode) ناسراوە پشتگیری لە دوو جۆری پاشەکەوتکردنی تەمەنی پاتری دەکات، جۆری یەکەمیان هەڵدەستێت بە کوژاندنەوەیەکی کەمی مۆبایلەکە بە شێوەیەکی خۆکارانە کاتێک کار بە مۆبایلەکە ناکرێت. جۆری دووەمیشیان بریتیە لە پاراستنی تەمەنی پاتری مۆبایلەکە کاتێک کاری پێدەکرێت و هەڵدەستێت بە داخستنی بەرنامە بێسوود و بەفیڕۆدەرەکان.

•پیشاندان و شاردنەوەی ئیمۆجیەکان
لە وەشانی تاقیکاری چوارەمی ئەندرۆید ئێندا گوگڵ بژاردەیەکی تری بۆ بەکارهێنەر زیادکردووە.لەمەودوا چیدی ئیمۆجیەکان بە شێوەیەکی سەرەکی و جێگیر لە تەختەکلیلی سەرەکی سیستەم پیشان نادرێن ، بەڵکو دەبێت بەکارهێنەر خۆی لە بەشی ڕێکخستنەکان نیشانە لەوە بدات کە ئیمۆجیەکان لە تەختەکلیل پیشانبدرێن.

شێوەی نوێی ڕێکخستنی خێرا و ئاگانامەکان
چەند گۆڕانکارییەک لە پانێڵی ڕێکخستنی خێرا (Quick Settings) کراوە، بەتایبەت لە شێوەکەی. لەبەر ئەوەی گۆڕانکاریەکی زۆر لە پانێڵی ڕێکخستنی خێرای وەشانی مارشماڵۆو نەکرا، پێدەچێت گوگڵ گۆڕانکاریەکی زۆر لەم وەشانەدا بکات لە ڕووی ڕێکخستنی خێراوە. گۆڕانکارییەکان بریتین لە گۆڕینی شێوەی هاتنی ئاگانامە (Notification)، شێوەی دووگمەکان و ڕەنگ. دەتوانیت دەستکاری ئەو دوگمانە بکەیت کە لە پانێڵەکەدا دەردەکەون و ڕێکیان بخەیت، هەروەها ئەگەر (System Tuner) ــت هەڵگیرساندبێت ئەوا دەتوانیت سوود لە چەند تایبەتمەندییەکی تر لە پانێڵەکە وەرگریت وەک هەڵگیرساندنی دۆخی شەو (Night Mode) .

هەروەها جگە لە پانێڵی ڕێکخستنی خێرا، پانێڵی ئاگانامەکان جیاکراوەتەوە و چەند گۆڕانکارییەکی تێدا کراوە. زیاتر شێوەیەکی فلاتی پێ دراوە، هەروەها ئایکۆنی ئەو بەرنامەیە پێشان دەدات کە ئاگانامەکەی لێیەوە دێت و دەتوانرێت ئاگانامەکان بە گرووپ بکرێت.

گۆڕینی قەبارەی شاشە
Android N ڕێگەت پێدەدات بە گۆڕینی قەبارەی شاشەکە، لەوانەیە زۆرجار کێشەت هەبێت کە ناوەڕۆکی بەرنامەیەک بە تەواوی لەسەر شاشەکەت نابینیت، بەڵام لەڕێگای ئەم تایبەتمەندییەوە دەتوانیت بچووکی بکەیتەوە، بەهەمان شێوەش دەتوانیت قەبارەی شاشە گەورە بکەیت.

لیستی دوایین بەرنامەکان
کاتێک دوگمەی لیستی دوایین بەرنامەکان (Recent Apps) دادەگریت، ئەو بەرنامانەت بۆ دەهێنێت کە تۆ دوایین جار کردۆتتەوە بەبێ ئەوەی دایبخەیتەوە. لە Android N ــدا ئەم لیستە زۆر خێراتر کراوە بە بەراورد بە وەشانەکانی پێشوو، خێرا کراوە و هەروەها دەتوانرێت بەبێ ئەوەی بکرێتەوە بەرنامەیەک بگۆردرێت بە بەرنامەیەکی تر لە لیستەکەدا.شێوازی داخستنی بەرنامەکان لە ئەندرۆید ئێن گۆڕانکاری تێدا کراوە ، ئێستا دەتوانرێت بە ئاسانی بەرنامەکان دابخرێت و هەروەها تاسکەکە دوایین حەوت بەرنامە لەخۆدەگرێت کە کراونەتەوە ، (نوێکردنەوە:لەوەشانی تاقیکاری دووەمدا وشەی (Clear All) لە لای سەرەوە زیادکراوە بۆ داخستنی سەرجەم بەرنامەکان).

دۆخی تاریکی
لە ئەندرۆید ئێن’ـدا تایبەتمەندی دۆخی تاریکی یاخود دۆخی شەو (Night Mode) بەردەست کراوە،کە دەتوانرێت دەستکاری چەند ڕێکخستنێکی دۆخەکە بکرێت و ڕووناکی شاشەکە بگۆڕدرێت، هەروەها گۆڕینی ڕەنگەکانی شاشەکە بۆ زیاتر پاراستنی چاو.(نوێکردنەوە:لە وەشانی تاقیکاری سێهەمدا ڕووکاری تاریکی Dark Theme نەماوە ، بەڵام دۆخی تاریکی هێشتا ماوە).

بلۆککردنی ژمارەکان و وەستاندنی تەلەفۆنکردن
دەتوانرێت لە Android N ـدا ژمارە ناحەز و بێزارکەرەکان بەست بکرێن واتە بلۆک بکرێن، ئەمەش بە بەرچاوڕوونی و ڕێکخستنێکی زیاتر. هەروەها دەتوانرێت مۆبایلەکە بکرێتە دۆخێکەوە کە نەتوانرێت تەلەفۆنی بۆ بێت، یاخود وەستاندنی ژماردنی ئەو تەلەفۆنانەی کە بە مۆبایلەکە دەکرێن.

دانانی زانیاری بۆ باری لەناکاو
لەوانەیە زۆرجار تووشی بارێکی ناخۆش ببیت و بتەوێت کەسێک یارمەتیت بدات و بتگەیەنێت بە نەخۆشخانەیەک لەڕێگای مۆبایلەکەتەوە، Android N سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ئەم بارە لەناکاوە و تۆ دەتوانیت زانیاری کەسی خۆت بنووسیت بۆ مەبەستی سوود لێ وەرگرتنی لەکاتی باری لەناکاو، وەک دانانی ناوی تەواو و ناونیشانی خۆت وبەرواری لەدایکبوون و جۆری خوێن و چەند شتێکی تر.

پشتگیریکردن لە زمانی لاوەکی
لە پێشوودا زۆر لە بەکارهێنەران گلەیی ئەوەیان دەکرد کە ئەوان نایانەوێت تەنها کار بە زمانی ئینگلیزی شێوەی ئەمریکی بکەن ، لە دوایین نوێکاریشدا لە ئەندرۆید ئێن توانای ئەوە دراوە کە جگە لە زمانی سەرەکی زمانی لاوەکیش زیاد بکرێن ، بۆ ئەوەی گەر هاتوو بەرنامەیەک پشتگیری لە زمانی سەرەکی نەکرد ئەوا دەتوانێت زمانی لاوەکی بەکاربهێنێت.

زیادکردنی ڕووکاری نوێ بۆ تەختەکلیلی گوگڵ
یەکێکی تر لە نوێکارییەکان ، زیادکردنی ڕووکار و شێوەی نوێیە بۆ تەختەکلیلی گوگڵ.لەمەودوا بەکارهێنەر توانای ئەوەی هەیە کە ڕووکاری تەختەکلیل و ڕەنگ بگۆڕێت و دەشتوانێت وێنەی پشت تەختەکلیلەکە بگۆڕێت.

•لە وەشانی تاقیکاری سێیەمدا ، وێنەگەی پاشبنەما چوار وێنە لەخۆدەگرێت
وەڵامدانەوەی خێرا لەسەر شاشەی قفڵ
لەمەودوا دەتوانیت ڕاستەوخۆ لەڕێگای شاشەی قفڵی سەرەکییەوە و بەبێ کردنەوەی مۆبایلەکەت ، وەڵامی پەیام و ئاگاهییەکان بدەیتەوە ، ئەوەش لەڕێگای چالاککردنی دەبێت لە ڕێکخستنەکان.

شێوەی نوێی ئیمۆجیەکان
گۆڕانکاری لە بەشی ئیمۆجیەکانی تەختەکلیلی سیستەم کراوە و تیایدا چەند ئیمۆجیەکی نوێ زیادکراوە .

زیادکردنی دوو بەرنامەی قسەکردنی نوێ (Allo و Duo)

شێوەی جێگیری بەرنامەکان و ڕیزبوونیان
لە چەند وەشانێکی پێشوودا دەتوانرا شێوەی بەرنامۆکەکان (Widgets) بگۆڕدرێت بەپێی ئارەزووی بەکارهێنەر،بەڵام پێدەچێت لە وەشانی Android N ـدا ئەم تایبەتمەندییە نەمێنێت. بەواتای ئەوەی کە بەکارهێنەر ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی چۆنیەتی ڕیزبوونی بەرنامۆکەکان و شێوەکانیان بگۆڕێت. کەواتە لەوانەیە لەم وەشانەدا (App Drawer) نەمێنێت و نەتوانرێت شێوەکان بە ئارەزووی بەکارهێنەر بگۆڕدرێت.

بەرنامەیەکی نوێ بۆ کورتە پەیامەکان
پێدەچێت لەم وەشانەدا بەرنامەیەکی تر دروست بکرێت لە جێگای بەرنامەی ئاڵوگۆڕکردنی پەیامە کورتەکان (Messages) ، چاککاری دەکرێت لە بەرنامە نوێیەکەدا و لەوانەیە چەند تایبەتمەندییەکی نوێی تێدا زیاد بکرێت کە زیاتر پشتگیری تۆڕی ئینتەرنێت بکات.
•قفڵی زیرەک

دەتوانیت تایبەتمەندی قوفڵی زیرەک (Smart Lock) بەکاربێنیت بۆ کردنەوەی هەژمارەکانت لە گوگڵەوە بۆ بەرنامەکانی تر، ئەمەش بەسوودە بۆ ئەو بەرنامانەی کە داوای تۆماربوونت لێدەکات.

سەرچاوە www.kitn.net
Top