لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا فەیسبووک پاڵەپەستۆی بەردەوامی دەخستە سەر بەکارهێنەران بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری مێسنجەر (Messenger) ـی سەر بە کۆمپانیای فەیسبووک بەکار بهێنن، بەمەش بەکارهێنەران ناچاربوون ئەو خزمەتگوزارییە بەکاربێنن، چونکە فەیسبووک بە بێ ئەم خزمەتگوزارییە ڕێگای بە بەکارهێنەر نەدەدا کە پەیام بگۆڕێتەوە لەگەڵ بەکارهێنەری تر. کۆمپانیای فەیسبووک لە بەرواری ٩٨٢٠١١ یەکەم وەشانی تاقیکاری و سەرەتایی ئەم خزمەتگوزارییەی ڕاگەیاند، بەڵام ئەو کات شێوەیەکی زۆر سادەی هەبوو. دوای ئەوە فەیسبووک هەڵسا بە گەشەپێدانێکی خێرای ئەم خزمەتگوزارییە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران زیاتر سوودی لێ ببینن، ئەمەش لەڕێگای گۆڕینی شێوە و ڕووکاری ئەم خزمەتگوزارییە و هەروەها زیادکردنی چەندەها کەلوپەلی جۆراوجۆر. مێسنجەر لە ماوەی تەمەنیدا خاوەنی سێ لۆگۆ بووە لە ئێستادا بەکارهێنەران لەو خزمەتگوزارییەدا، مانگانە ١٧ بلیۆن وێنە دەنێرن و هەروەها ١ بلیۆن پەیامی نووسینەکی ئاڵوگۆڕ دەکرێت لەنێوان بەکارهێنەراندا، ڕۆژانە ٣٨٠ ملیۆن لکێنەر (Stickers) و ٢٢ ملیۆن وێنەی جوڵاو دەنێردرێت، هەروەها ڕێژەی %١٠ ی سەرجەم پەیوەندیکردنەکان لەڕێگای مێسنجەرەوە ئەنجام دەدرێن، ئەم خزمەتگوزارییەش ٢٣ هەزار گەشەپێدەر لەخۆ دەگرێت کە لە کۆمپانیای فەیسبووک خۆیان تۆمار کردووە. David Marcus ی بەرپرسی بەشی مێسنجەر لە فەیسبووک، بۆ پێگەی Tech Crunch لەبارەی گەیشتنیان بە یەک بلیۆن بەکارهێنەری چالاکی مانگانە دەڵێت:“ئەمە خۆشی و ئاهەنگی گشت لایەکە و هەموومان خۆشحاڵین بە گەیشتنمان بەو ئاستە، بەڵام ئێمە هێشتا بەرپرسیارییەتیەکی زیاترمان لەسەرە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە خەڵک بگەیەنین، ئامانجمان دروستکردنی شتێکە بۆ خەڵک بە ڕێگایەکی ڕاست بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات لە ژیانی ڕۆژانەیاندا”.
سەرچاوە www.kitn.net