گرووپە هاککەرەکان و هێرش کردنە سەر یاری و پێگەکان
لە ئێستاشدا و دوای وەستاندنی یارییەکە لەلایەن ئەم گرووپەوە، گرووپەکە دووبارە بانگەشە بۆ وەستاندنی یارییەکە دەکات بۆ ماوەیەکی زیاتر، ئەوەش لە جریوەیەکدا لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تویتەر ڕایانگەیاندووە، گەر بە پێی جریوەکەش بێت ئەوا سێرڤەرەکانی یاری Pokémon GO لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە و لە یەکەمین ڕۆژدا ئەم یارییە بۆ ماوەیەک دەوەستێندرێت و بەکارهێنەران ناتوانن یاری پێ بکەن.
گرووپی PoodleCorp گرووپێکە کە زیاتر مەبەستی هاککردن و وەستاندنی سێرڤەری ئەو یاری و کۆمپانیایانە کە خەڵک بەکاری دەهێنن، پێشتریش چەند کارێکی تری ئەنجامدا لە بواری وەستاندن و هێرشی DDoS وەک وەستاندنی سێرڤەرەکانی یاری “League Of Legends” لە بەرواری ٢٦ ی مانگی ڕابردوو، هەروەها وەستاندنی سێرڤەرەکانی کۆمپانیای “Battle.NET” کە خاوەنی چەندەها یاری بەناوبانگە.ئەم گرووپە شەش کەس لەخۆدەگرێت کە گشتیان لە بوارەکانی هاکینگ و هێرشکردن شارەزان، بۆ هێرشەکانیشیان پشت بە هێرشی “DDoS” دەبەستن. وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێدا، ئەمە تاکە گروپ نییە کە ئەم کارانە ئەنجام بدات، چەندەها گرووپی تر هەن کە هێرش دەکەنە سەر یاری و پێگەکان، لەم ماوەیەدا گرووپی “Our Mine” بووە هۆی سەرنجڕاکێشانی میدیاکان، کاتێک گرووپەکە هەڵسا بە هاککردنی هەژماری چەند کەسایەتیەکی بەناوبانگ لە تویتەر، یەکێک لەوانە بریتی بوو لە هاککردنی هەژماری Pinterest و تویتەری ماڕک زوکەربێرگـی دامەزرێنەری فەیسبووک، گرووپەکە ڕۆژی پێنجی مانگی ڕابردوو هەڵسا بە هاککردنی دوو هەژماری ماڕک زوکەربێرگ و دوای هاککردنیش پەیامێکی بۆ ماڕک نووسی کە دەڵێت “ئێمە دەمانەوێت پارێزراویت تاقیبکەینەوە، گەر دەتەوێت پارێزراو بیت ئەوا پەیوەندیمان پێوە بکە!”، لە هەموویشی سەیرتر، گرووپەکە هۆکاری هاککردنی ئەم دوو هەژمارەی ماڕک دەگەڕێنێتەوە بۆ وشەی نهێنییەکەی و گرووپەکە ڕایگەیاند کە ماڕک لەسەر هەردوو هەژماردا یەک وشەی نهێنی بەکارهێناوە کە ئەویش “dadada” بوو!
جگە لەمەش، یازدەی ئەم مانگە گرووپەکە لە کارێکی سەرنجڕاکێش و چاوەڕواننەکراودا هەڵسا بە هاککردنی هەژماری فەرمی جاک دۆرسی دامەزرێنەری تویتەر، هەروەها هەمان ئەو پەیامەی کە بۆ ماڕکیان نووسیبوو بۆ ئەویشیان نووسی!ئەمە جگە لەوەی کە هەمان گرووپ لە ماوەی ڕابردوودا دەستی گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە هەژمارەکانی پێگەی LinkedIn. کارە سەرنجڕاکێشەکانی گرووپەکان هێشتا تەواو نابن! لە ماوەی مانگەکانی یازدە و دوازدەی ساڵی پار گرووپێک بە ناوی “LizardSquad” دەنگدانەوەیەکی گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێنا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین جار هەڵسان بە وەستاندنی سێرڤەرەکانی ياری کردنی هەردوو کۆمپانیای Playstation و Xbox، گرووپەکە ئەم وەستاندنانەی بۆ مەبەستێک بوو ئەویش ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کوالێتی نزمی بەرهەمەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە لە بواری یارییەوە و هەروەها کەمکردنەوەی نرخی یارییەکان. کاردانەوەکانیش بوون بە دوو بەش، بەشێک لە یاریکەران لایان باش بوو کە ئەو کارە کرا ئەوەش بۆ ئەوەی ئەو دوو کۆمپانیایە بەخۆیاندا بچنەوە، بەشێکیشیان زۆر ناڕازی بوون و بێزار بوون لەو کارانە، دوای ئەمانەش ئەم گرووپە لەمساڵدا دەنگی نەما و چالاکیەکی وەهای ئەنجام نەدا، لە ئەنجامیشدا بەشێک لە هاککەران و ئەندامانی ئەم گرووپە چوونە نێو گرووپی “PoodleCorp” و لەوێ درێژەیان بە چالاکیەکانیان دا.
ئەم گرووپانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبوونە، هەموو هەوڵێکیشیان بۆ وەستاندن یان هاککردنی پێگە و یارییەکانە، هەر یەکێکیشیان ئامانج و پلانێکیان هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە کۆمپانیاکانن، ئەوان دەبێ هەموو کاتێک خۆیان بەهێز بکەن لە بواری پاراستن، چونکە دەبێ هەموو ساتێک بۆ هێرشی ئەم جۆرە گرووپانە ئامادەبن، بۆ نموونە پێگەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرام و گوگڵ پێگەی کەم نین، بەڵکو ئەمانە نهێنی و زانیاری و بەڵگەی ملیۆنەها بەکارهێنەریان لایە، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە گەر ڕۆژێک تەنها نیوەی ئەو زانیارییانە بکەونە دەستی ئەم جۆرە گرووپانە، ئەوا بەکارهێنەرانیش زۆر نهێنیان ئاشکرا دەبێت، بۆیە ئەرکی ئەم پێگانەیە کە زانیارییەکانی بەکارهێنەر بپارێزن لە هەموو کات و ساتێکدا، ئەگینا گرووپەکان هەموو کاتێک ئامادەن بۆ هاککردن و وەستاندنیان!
سەرچاوە www.kitn.net
