پاولۆك ناهێڵێت تەمبەڵ بی
تەمبەڵی جەستەیی و جوڵە نەكردن هەموو جیهانی تەنیوەتەوە، بەهۆی وەرزش نەكردن و حەسانەوەی زۆری جەستەیی گەورەترین نەخۆشی سەدە روویداوە، ئەویش بەرزبوونەوەی كێشی لەشە. تەكنەلۆژیا رۆڵێكی نەرێنی لەم بوارەدا گێڕا، دەكرێت بڵێین: پشكی شێری بەركەوت لە بردنەسەری كێشی لەش و زیادبوونی دەیان نەخۆشی..
ئێستا كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنی تەكنەلۆژیای نوێ نیازیانە بە جۆرێكی دیكە قەرەبووی بكەنەوە وەك بەرهەمهێنانی ئامێرە دیجیتالییەكانی تایبەت بە پێوانی رێگەی رۆیشتوو، پێوانی كالۆری سووتێندراو. لێدانی دڵ. لەم دواییەدا بازنەیەكی هۆشمەند بەناوی پاڤلۆك (pavlok) بەرهەم هاتووە كە هانت دەدات خووی خراپی تەمبەڵی وەلا بنێی. بۆ نموونە ئەگەر ماوەیەك لە شوێنی بێ جووڵە مایەوە، تەزوویەكی كارەباییت لێدەدات. ئەگەر لە كاتی خۆیدا نەنووی، هەڵتدەستێنێ. خاڵی جێگەی سەرنج لەوەدایە دەتوانن هاوڕێیكانت كۆنتڕۆڵت بكەن، بۆ نموونە بڕیارت داوە سبەی 6 كیلۆمەتر بە رێگەدا بڕۆی، ئامێرەكە لەگەڵ GPS دەگونجێنی، هاوڕێكەت لە تۆڕێكی كۆمەڵایەتی دەزانێت كە تۆ دەڕۆی یان نا، ئەگەر نەڕۆی هەر بەهۆی هێڵی ئینتەرنێتەوە دوگمە دادەگرێ و تەزوویەكت لێدەدا. پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن: بەهۆی ئەو بازنە هۆشمەندەوە دەتوانی لە ماوەی چەند مانگێكدا 15 كیلۆ دابەزێنی.
