ئۆتۆمبیلی فڕۆك له خه‌یاڵه‌وه بۆ راستی
له‌مێژه داهێنه‌رانی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئۆتۆمبیل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانه‌وه به‌ره‌و ئاسمان ببه‌ن، ئۆتۆمبیلی فڕۆك شوێنی ئۆتۆمبیلی دیكه بگرێته‌وه!! به‌ڵام ئه‌وه تا چه‌نده له خه‌یاڵه‌وه ده‌بێته راستی و تا چه‌ند سه‌ركه‌وتن له‌م بواره‌دا به‌ده‌ست هێنراوه؟ له ساڵی 2015دا وه‌ڵامی به‌شێك لەو چاوه‌ڕوانی و پرسیارانە ده‌درێتەوە.
نزیكه‌ی بیست ساڵ ده‌بێت ئه‌ندازیارێكی سلوڤاكی به‌ناوی (ستێفین كلین) هه‌وڵ ده‌دات بیرۆكه‌كه‌ی خۆی بكاته راستی، تا ئێستا زۆر سه‌ركه‌وتووه، ئۆتۆمبیلی جۆری aeromobil به‌رهه‌م هێناوه كه تا ئێستا گه‌یشتۆته نه‌وه‌ی سێیه‌می ئۆتۆمبیله‌كه. نه‌وه‌ی سێیه‌می ئۆتۆمبیلی ئایرۆموبیل له ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌كدا ده‌بێته فڕۆكه و به ئاسماندا ده‌خولێته‌وه. ئۆتۆمبیله‌كه له كاتی له‌سه‌ر زه‌وی هه‌روه‌ك ئۆتۆمبیلێكی ئاسایی وایه. فڕۆكه بچووكه بۆ نیشتنه‌وه پێویستی به فڕۆكه‌خانه نییه، به‌ڵكو هه‌ر شوێنێكی سه‌د مه‌تری رێك بێت، ده‌توانێ بنیشێته‌وه، ته‌نانه‌ت له شوێنه نارێكهكانیش توانای نیشتنه‌وه‌ی هه‌یه. له كاتی كێشهشدا وه‌ك فڕۆكه‌ی ئاسایی په‌ڕه‌شووتی خۆرزگاركردنی تێدایه..
