ئۆتۆمبێلە فڕۆكەكان كەی دەكــەونە بازاڕەوە؟
چەند ساڵێك دەبێت باس لە داهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكرێت، كە لە زەویدا وەك ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی دەچن و لە بەرزاییشدا وەك فڕۆكە دەفڕن. ئۆتۆمبێلی فڕۆكە، یان فڕۆكەی ئۆتۆمبێل زۆری پێناچێت دەكەونە بازاڕەوە، هەر لەم ماوەیەدا وڵاتی سلۆڤاكیا كە لە ریزی وڵاتە پیشەسازییەكانیش نایەتە ژمار، ئۆتۆمبێلی جۆری “ئیرۆمبیل 30”ی بەرهەم هێناوە، ئەم ئۆتۆمبێلە بە بەنزین كار دەكات و پێویستی بە 200 مەترە بۆ فڕین و 50 مەتریش بۆ هاتنە خوارەوە هەیە.
“ستیفان كلین” داهێنەری ئەم فڕۆكە ئۆتۆمبیلە دەڵێت: “ئێمە ستایلی جۆراوجۆرمان بەرهەمهێناوە، ئێستا دەتوانم بڵێم بەڕاستی بۆ سوود لێوەرگرتن دەبێت، چونكە خۆم وەك شۆفێری فڕۆكەوان تاقیم كردۆتەوە و سەركەوتووش بووە”. كێشی فڕۆكەكە450 كیلۆگرامە، باڵەكانی نزیكەی8 مەتر دەبن، دەتوانێت هەتا 700 كیلۆمەتر بەبێ ئەوەی بەنزینی تێبكرێ بفڕێت. فڕۆكە ئۆتۆمبێلەكە سووتەمەنی زۆری ناوێت، بۆ100 كیلۆمەتر تەنیا هەشت لیتر بەنزینی پێویستە بۆ ئەو كاتەی ئۆتۆمبێلە و 15 لیتریشی بۆ ئەو كاتە دەوێت كە فڕۆكەیە .
