یەكەم كتێبخانەی دیجیتالی دژە تەڕبوون
بەشێكی زۆری زانستی مرۆڤایەتی لە مێژوودا كە لەسەر كتێب نووسراون بەهۆی زیانەكانی سروشتەوە وەك لافاو و ئاگر و بەڵای دیكە لەناوچوون. زۆر كتێبی نایاب تەڕ بوون و كەڵكی خوێندنەوەیان نەماوە.
لەسەردەمی دیجیتالیدا كە كتێبخانەیەكی دە هەزار كتێبی و زیاتریش لە پەنجەكانی بەكارهێنەردا جێگەی دەبێتەوە، ئەو مەترسییانە ئیتر نامێنن. كتێبخانەی دیجیتالی كە لە راستیدا ئامێری كتێب خوێندنەوەی دیجیتالییە و پێكهاتووە لە شاشەیەك و هیچی تر، تا رادەیەك شوێنی كتێبی كاغەزی گرتۆتەوە. لەم دواییەدا ئامێرێكی دیجیتالی كتێب خوێندنەوە بەناوی kobo aura H20 بەرهەمهاتووە كە گەورەترین تایبەتمەندی ئەوەیە ئەگەر تەڕیش بێت و بكەوێتە ناو ئاویشەوە، ئەركی خۆی هەر ئەنجام دەدات و تێكناچێت. شاشەكەی تەواو لەمسییە و تایبەتمەندییەكی هەیە بۆ شوێنی تاریكیش دەگونجێت، چونكە تەكنەلۆژییەكی تایبەتی تێدا بەكارهاتووە. رامەكەی تەنیا 4 گیگابایتە، بەڵام بە دانانی میمۆرییەكی 32 گیگابایتی دەكرێت میمۆرییەكەی زیاد بكرێت و هەتا 30 هەزار كتێب لە خۆیدا جێ بكاتەوە.
