ئەیسۆس و كاتژمێرێكی سمارتی تایبەت
لە جیهانی دیجیتالی نوێدا، لەگەڵ بوونی ئەو گشت كۆمپانیا مەزنانەی كە چالاكیان لە بواری بەرهەم هێنانی ئامێری تەكنەلۆژی نوێ تەرخان كردووە، لە حەقیقەتدا ركابەرییەكە دژوار دەبێت، هەر كۆمپانیایەك دەبێت داهێنانەكانی ئەو تایبەتمەندییانەیان تێدابێت كە لە كۆمپانیا ركەبەرەكەیدا نەبێت بۆ ئەوەی كە ماوەیەك بازاڕەكە بۆ خۆی قۆرخ بكات. بەدوای داهێنانی كاتژمێرە هۆشمەند واتەسمارتەكان لەلایەن ئەپل و سامسۆنگەوە، ئێستا زۆر كۆمپانیای دیكەش لەم بوارەدا هەوڵی خۆیان داوە، یەكێك لەو كۆمپانیایانە كۆمپانیای ASUSە ئەم كۆمپانیایە لەمێژ ساڵە چالاكی لە بواری بەرهەم هێنانی كۆمپیوتەری سەرمێز و لاپتۆپدا هەیە، لەم دواییەشدا هەوڵیداوە كاتژمێرێكی هۆشمەند بەرهەم بێنێ بەهەندێك تایبەتمەندی جیاواز لە كۆمپانیاكانی دیكە، وەك: بوونی شاشەیەكی روون و شەفافی شووشەیی، دیزاینێكی سەرنج راكێش و هەروەها لە هەمووی گرنگتر ئەنجامدانی فەرمانەكان بە دەنگی بەكارهێنەرەكەی وەك ئەوەی كە كاتژمێر چەندە؟ كورتەپەیامەكەم بۆ بخوێنەوە، چ ئیمێلێكم بۆ هاتووە. جگە لەوەش دەكرێت نە تەنیا بە دەنگ بەڵكو تەنیا بە ئاماژەدان فەرمانەكان جێبەجێ بكات.
