هواوی و مەچەكبەندی هۆشمەند
لەلای خۆمان بەرهەمە چینییەكان لە ریزی خراپترین بەرهەمەكان دێن، ئەمەش لە خۆڕا نییە، چونكە بەڕاستی كوالیتی بەرهەمە چینیەكان لەئاستێكی زۆر نزمدایە، راستە زۆر هەرزانبایین، بەڵام كوالیتشیان لە خوارێیە. كەچی كۆمپانیای هواوی (huawei) لەریزی كۆمپانیا سەركەوتوەكانی بەرهەمە دیجیتالییەكان دێت. لە پیشانگای ساڵانەی مۆبایل لە بەرشەلۆنا (هواوی) مەچەكبەندێكی نوێی خستەڕوو كە بە مەچەكبەندی جۆری Talkband B1 ناسراوە، (مەچەكبەند وەك بازنەیەك لە دەست دەخرێت). مەچەكبەندی ناوبراو شاشەیەكی 1.4 ئینجی لەسەرە. ئەم مەچەكبەندە بەهۆی سیستەمی NFC و بلوتوس 4 لەگەڵ مۆبایل لە پەیوەندی دادەبێت و بەهۆی ئەوەوە دەكرێت وەڵامی پەیوەندییەكان بدەیەوە. جگەلەوەش بۆ لەش جوانی و وەرزش كردن زۆر ئامێرێكی بە سوودە، چونكە زانیارییەكانی وەك رێژەی ئەو هەنگاوانەی هەڵیان دێنیەوە، ئەو مەودایەی كە پێیدا رۆیشتوویە، رێژەی ئەو كالۆرییەی كە سووتاندووە لە رۆژێكدا دیاری دەكات، هەروەها بۆكاتی خەویش گونجاوە، چونكە بەهۆیەوە دەزانرێت كە خەوێكی باشت هەبووە یان خراپ و هەروەها بۆ هەستان لەخەویش گونجاوە، كاتێكیش كە شەحن كرایەوە تا هەفتەیەك شەحنەكەی دانابەزێت.
