كاتژمێرێكی دەست شەحنكەرەوەی گەڕۆك
گەرچی كاتژمێری دەست مێژوویەكی دێرینی هەیە لەگەڵ مرۆڤ، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی هاتنی مۆبایل و ئامێرەكانی دیكەی دیجیتالی ئەو گرنگییەی جارانی لە دەست داوە، بەڵام ماوەیەكە هەوڵدراوە گۆڕانكاریی جددی لە كاتژمێری دەستدا پێك بێنن، لەگەڵ مۆبایل پێكەوەی ببەستنەوە، وەك كاتژمێرە هۆشمەندەكان كە دەكرێت بەهۆیەوە وەڵامی پەیوەندییەكان بدەیەوە و كورتە پەیامەكان بخوێنیەوەو ئێمێلەكان سەیر بكەی و..تاد. لەم دواییەدا پسپۆرانی بواری تەكنەلۆژیای سەردەم ئامێرێكی شێوەی كاتژمێریان بەرهەم هێناوە كە بە “كەربۆن” ناسراوە و لە راستیدا كاتژمێر نییە و شێوەی لە كاتژمێر دەكات، ئەگینا شەحنكەرەوەیەكی هەتاوییە و بەهۆیەوە دەكرێت مۆبایل، تەبلێت، كامێرا...تاد شەحن بكرێتەوە. هەرچەندە شێوەی لە كاتژمێر دەكات بەڵام هیچ كاركردێكی كاتژمێر ئەنجام نادات و بەهەتاو شەحن دەبێتەوە، و گلۆپێكی LED لەسەرە كە رێژەی باتری نیشان دەدات. چەندین كەلێنی هەیە بۆ USB و mini USB و هەروەها شوێنی دانانی كێبڵی ئایفۆن و ئامێرەكانی دیكە، هەتا دەگوترێت بەهۆی ئەم كاتژمێرە بچووكەوە دەكرێت لاپتۆپیش شەحن بكرێتەوە.
