خزمەتگوزارییەكی گرنگ لە مایكرۆسۆفتەوە
ئۆفیسی مایكرۆسۆفت كە كۆمەڵێك پرۆگرامی زۆر گرنگ لە خۆ دەگرێت وەك Word، excel، PowerPoint. هەر لەسەرەتای ویندۆزەوە و بەر لە ویندۆزیش لە كۆمپیوتەردا بوونیان هەبوو، تەنانەت ساڵانی نەوەدەكان كۆمپیوتەر یانی ئەو كۆمەڵە پرۆگرامە، ئێستاشی لەگەڵدابێت رۆڵی سەرەكی لە كۆمپیوتەردا دەبینن. ئەو كۆمەڵە پرۆگرامە گۆڕانكارییەكی زۆری بە دواداهات و ەەتا لە ئۆفیسی 2013دا خۆی بینییەوە، بەڵام لەم دواییەدا مایكرۆسۆفت هەوڵیدا ئەو خزمەتگوزارییە هەر بەشێوەی ئۆفلاین نەبێت، واتە هەر ئەوە نەبێت پرۆگرامەكان دابەزێینە سەر كۆمپیوتەر بگرە بكرێت سوود لەو پرۆگرامانە وەربگیرێت بەبێ ئەوەی پرۆگرامەكان لەسەر كۆمپیوتەرەكەت هەبن. خزمەتگوزارییە نوێیەكەی مایكرۆسۆفت بە OneDrive ناسراوە كە شوێنی خزمەتگوزاری skyDriveی گرتۆتەوە، بەڵام كۆمەڵە تایبەتمەندییەكی دیكەی لێ زیاد كراوە. ئێستاكە بەكارهێنەر دەتوانێت سەر لە سایتی office.com بدات و بەشێوەی ئۆنلاین سوود لەو كۆمەڵە پرۆگرامە گرنگە وەربگرێت. دوای تەواوبوونی ئەركەكانیشی دەتوانێ هەر لە سایتەكەدا خەزنی بكات.
