كتێبخانەی ئەلكترۆنی سلاید
هەرچەندە بەو ئامێرە دیجیتالییەی كە تایبەتە بە خوێندنەوەی كتێب، بە كتێبی ئەلكترۆنی ناسراوە، بەڵام من لە وەرگێڕاندا هەمیشە بە كتێبخانەی ئەلكترۆنی دەینووسم، ئاخر ئامێرێك كە هەزاران كتێب لەخۆیدا هەڵبگرێت و بە ویستی خۆت حەزت لە چ كتێبێك بێت لە ئامێرەكەدا دایبنێی، ئەمە كتێب نییە بەڵكو كتێبخانەیە!
هیچ شتێك لە جیهانی دیجیتالیدا بەقەد خوێندن و نووسین خزمەتی پێنەكراوە، یەكێك لەو ئامێرانەی كە دەیەیەك زیاترە لە خزمەت خوێندنەوە دان، كتێب یان كتێبخانەی ئەلكترۆنییە، لەم دواییەدا نوێترین كتێبی ئەلكترۆنی بەناوی (eRooll) بەرهەم هات كە دەكرێت وەك كتێبخانەی داهاتوو سەیری بكرێت.
(eRooll) لە ستایل و لەكاركردندا لە ەیچ كتێبخانەیەكی ئەلكترۆنی ناچێت، چونكە بە ئاسانی سوودی لێ وەردەگیرێت و هەڵگرتنیشی زۆر ئاسانە. لەم كتێبخانەیەدا شاشەكە تەنكە و دەنووشتێتەوە، هەرچەندە هەتا ئێستاش بە فرەیی بەرهەم نەهاتووەو تەنیا بۆ تاقیكارییە، چونكە كۆمپانیای بەرهەم هێن نازانێت بەشێوەی لەمسی یان بەشێوەی دوگمەیی بیخاتە بازاڕەوە. بەڵام بەڕاستی چ بە دوگمەیی بێت و چ بە شێوەی لەمسی گۆڕان بەسەر جیهانی كتێبی كاغەزدا دێنێت و رەنگە هەر رایبگرێت.
