گەسكێكی كارەبایی دیجیتالیی پێشكەوتوو
هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا كاری پاك كردنەوە و خاوێن كردنەوەی ژوور و ماڵەوە بە خانمان سپێردراوە و ئەوان ئەو ئەركە ئەنجام دەدەن، بەڵام بە داهێنانی گەسكی كارەبایی هۆشمەندی HOM-BOT SQUARE ئیدی ئەو ئەركە لە دەست ئەوانیشدا نامێنێ، چونكە گەسكەكە هۆشمەندە و بەبێ ئەوەی كە خۆت لەگەڵی ماندوو بكەی تەنیا لە رێگای مۆبایلەوە یان بە دەنگی خۆت فەرمانی پێدەكەی ئیدی ماڵەكەت كورد گوتەنی وەك گوڵ لێدەكات. ئەم گەسكە هۆشمەندە لە پیشانگای ساڵانەی CES2014دا نیشان درا، كە خەڵاتی گەورەی ئامێری دیجیتالی ماڵەوەی وەرگرت. ئەم گەسكە كارەباییە، رێكەوتی خاوێنكردنەوە، شوێنی خاوێنكراوەكان نیشان دەدات. ئەو هەستەوەرانەی كە لەگەسكەكەدا هەن ئەو هەلە بۆ بەكارهێنەر دەڕەخسێنێ كە شوێنی وردی خاوێن كردنەوەكه نیشان دەدات و هەروەها كامێرایەكی تێدایە كە وێنەی سەرەوەو خوارەوەی ژوورەوە دەگرێت و نەخشەیەك لە ماڵەوە لەخۆیدا خەزن دەكات. سەبەتەی زبڵی گەسكەكە بە ئاسانی جیا دەكرێتەوە. هەروەها تۆز و خۆڵ لە هەوا جیا دەكاتەوە و بۆنی ناخۆشی ماڵەوە لادەبات، دەنگەكەی ئەوەندە كەمە كە تەنانەت كێشە بۆ ئەو كەسانە دروست ناكات كە سەیری فیلم دەكەن یان وەڵامی پەیوەندیی تەلەفۆنی دەدەنەوە. چونكە بچووكەو دەچێتە ژێر قەرەوێڵە و سیسەم و مۆبڵەكانیشەوە. جگە لەكۆنترۆڵی خۆی، دەكرێت بە مۆبایلیش كۆنترۆڵ بكرێت.
