بچووكترین ئامێری گەیم لە جیهاندا
گەمەی ئەلكترۆنی لە داهاتووی تەكنەلۆژیای نوێی جیهاندا پانتاییەكی گەورەی داگیركردووە، هەربۆیە ساڵانە بە هەزاران گەمەی نوێ، ئامێری تایبەت بە گەمەكردن، ئامرازی لاوەكی بۆ گەمەی ئەلكترۆنی بەرهەم دێت، گەمەی ئەلكترۆنی بەو مەرجەی كە نەبێتە خوویەكی هەمیشەیی، زۆر لەگەمەی دیكە بە سوودترە، چونكە لە باری فیكرییەوە گەمەكەرەكە بەهێز دەكات و مەودای زیاتر بیركردنەوەی پێ دەدات، گەمەی ئەلكترۆنی تەمەن ناناسێ و بۆ هەموو تەمەنێك دەگونجێت، هەروەها پێویستیش ناكات كە چەند كەسێك پێكەوە گەمە ئەنجام بدەن، تەنیا گەمەكار و ئامێری ئەلكترۆنی تێیدا بەشدارن، یەكێك لە نوێترین ئامێرەكانی گەمەكردن كە زۆر بچووكە و بە ئامێری Game stick ناسراوە لەم رۆژانە خرایە بازاڕەوە، ئامێری گەمەكردنەكە تەنیا لە دەسكێكی گەمە و ئامێرێكی دینگەڵی USB پێكهاتووە. شێوازی كاركردنەكەشی زۆر ئاسانە بەئاسانی ئامێرە USBیەكە بە تەلەڤزیۆنەوە پەیوەند دەدەی و بە دەسكەكەش گەمە دەكەی. لە دەسكی گەمەكەدا دوو دوگمەو لە سەرەوەش چوار دوگمە هەیە و جگە لەوەش سێ دوگمەی تایبەت بە كوژاندنەوەو هەڵكردن و راگرتنی یاری هەیە.
