بەراوردێك لە نێوان باشترین ئەنتی ڤایرۆسەكاندا
هەڵبژاردنی ئەنتی ڤایرۆسێكی باش ئەوەندە سانا و ئاسان نییە، باوەڕ بكەن لە دیاریكردنی باشترین ئۆتۆمبێل دژوارترە، نەك بۆ ئەوانەی كە شارەزای ئەو بوارە نین، بگرە بۆ ئەوانەی كە ساڵانێكە لەو بوارەشدا كار دەكەن هەروایە.
لێرەدا كورتەیەك لەسەر پێنج ئەنتی ڤایرۆسی باشی ئەم ساڵ باس دەكەین و چاوێك بە لایەنە باش و خراپەكانی ئەم پێنج ئەنتی ڤایرۆسە دادەخشێنین.
ئەنتی ڤایرۆسی Norton: ئەنتی ڤایرۆسی نۆرتۆن كە هی كۆمپانیای سیمانتیكە، جگە لەوەی ئەنتی ڤایرۆسێكی سەركەوتووە، چاككردنەوەی لایەنی سۆفتوێری كۆمپیوتەریشە. لە تاقیكارییەكدا دەركەوت كە ئەم ئەنتی ڤایرۆسە جگە لەوەی توانی 97% ڤایرۆسەكان بسڕێتەوە، توانی فایلە خرابووەكانیش دەستنیشان بكات. بە كورتی لایەنە باشییەكانی: وردبینییەكی زۆر لە سڕینەوەی ڤایرۆسەكاندا. لایەنی سلبی: بوونی هەڵەی زۆر لەكاتی سكانكردنی فایلەكاندا، بۆ نموونە لەخۆوە فایلێك بە ڤایرۆس دەبینێت گەرچی ڤایرۆسیش نییە.
ئەنتی ڤایرۆسی ESET NOOD 32: ئەنتی ڤایرسی نەوەد 32 و كە هی كۆمپانیای ESETە خێراییەكەی لە زۆربەی ئەنتی ڤایرۆسە سەركەوتووەكان زیاترە وەك كاسپراسكای و نۆرتۆن. لە تاقیكارییەكدا توانی 100% فایلە تێكدەرەكان بناسێ. بەڵام لە سڕینەوەیاندا توانی 60% بسڕێتەوە. لایەنی سەركەوتووی ئەم ئەنتی ڤایرۆسە، خێرایی و ئەمنییەتی زۆر، لایەنی سلبیەكەی، پاككەرەوەیەكی لاواز، بەكارهێنانی دژوار..
ئەنتی ڤایرۆسی kasprersky: ئەنتی ڤایرۆسی كاسپراسكای بێگومان یەكێك لە ناسراوترین ئەنتی ڤایرۆسی جیهانە، كە هەمیشە وەك ئەنتی ڤایرۆسێكی بەهێز و بەسوود سەیری كراوە. یەكێك لە سێ ئەنتی ڤایرۆسە سەركەوتووەكەی ساڵی 2013 بووە، بەڵام خاڵی لاوازی ئەو لەوەدابووە كە خێرایی سیستەمەكەی دابەزاندووە. بە كورتی لایەنی باشی ئەم ئەنتی ڤایرۆسە: وردبینییەكی زۆر، ئەمنییەتیەكی زۆر، پەیوەندییەكی بەهێز. لایەنە سلبییەكەی: خێراییەكەی كەم، دابەزاندنی خێرایی سیستەم.
ئەنتی ڤایرۆسی Bitdefender Total Security: زۆركەس پێیان وایە ئەم ئەنتی ڤایرۆسە باشترە لە ئەنتی ڤایرۆسی كاسپراسكای، لەمساڵدا بە پلەی 99% لە ریزی دووەمی باشترین ئەنتی ڤایرۆسدا هات. ئەم ئەنتی ڤایرۆسە پارێزەرێكی باشە بۆ ئەوەی كە پەسۆردەكان نەدزرێن، هەروەها جموجۆڵی گوماناوی لەسەر كۆمپیوتەرەكەت ئەنجام نەدرێت. بەڵام ئەگەر پێشووتر ڤایرۆس لە سەر كۆمپیوتەرەكەت بێت ئەم ئەنتی ڤایرۆسە ەەستی پێناكات، جگە لەوەش بەشێكی زۆر لە هارد داگیر دەكات و خێرایی سیستەمیش دادەبەزێنێ. لایەنی باشەكانی بە كورتی: توانای ناساندنێكی مامناوەندی هەیە. لایەنی سلبی: خێراییەكەی كەمە.
ئەنتی ڤایرۆسی Avast: ئەمە لە جیهاندا لایەنگرێكی زۆری هەیە، ئەم ئەنتی ڤایرۆسە هیچ كاریگەرییەكی خراپ لەسەر سیستەمەكەت دانانێ. توانایەكی باشی لە ناساندنی مەترسییەكانی ئینتەرنێتی و غەیری ئینتەرنێتی، هەروەها گەر سایتێكیش دەكەیەوە ئاگادارت دەكاتەوە كە ئەم سایتە مەترسی بۆ سەر كۆمپیوتەرەكەت هەیە یان نییە. لایەنی باشەكانی ئەنتی ڤایرۆسی ئاڤێست: ئەمنییەتی باش، خێرایی باش، بە خۆڕایی. لایەنی سلبی، سنوورداركردنی خزمەتگوزارییەكانی ئەوكاتەی كە بە خۆڕاییە.
