هاوسەفەرە ژیرەكە
تەكنەلۆژیای نوێ ئەگەر بەباشی سوودی لێوەربگیرێت، خزمەتێكی گەورە بە كۆمەڵگا دەكات، وەك ئەو هاوسەفەرە ژیرەی كە لێرەدا ئاماژەی پێدەكەین. رەنگە بۆ زۆرمان ئەوە هاتبێتە پێش كە لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا بین، بەڵام لەناكاو كارێكی بەپەلە دێتە پێش ناچارین كە بۆ كەسێك تەلەفۆن بكەین، كەچی تەلەفۆنكردنیش لەناو ئۆتۆمبێلدا پێچەوانەی یاساكانی هاتوچۆیە، بەڵام دەكرێت بە هاوسەفەرە ژیرە دیجیتالییەكەت بڵێی كە فڵانە ژمارەیە بگرێت و یان ئەو قسانەی ئێوە دەیكەن ئەو بۆ لایەنی سێیەمی بگوازێتەوە. هاوسەفەرە ژیرەكە كە ناوی ئەم ئامێرە بچووكەیە كە وەك هێندزفریەك كار دەكات و لەلایەن كۆمپانیای parrot بەرهەم هاتووە، لە وتەكانی بەكارهێنەرەكەی دەگات و لە رێگای بلوتوسەوە بۆ مۆبایلەكەی دەگوازێتەوە. تەنانەت وەڵامی پەیوەندییەكانیش دەداتەوەو ئەو كورتەپەیامانەی بۆت دێن وەردەگرێ و دەیخوێنێتەوە.
