كە سەیری فیلمێك دەكەی زۆربەی جاران كۆتایی فیلمەكە یان ئەنجامی فیلمەكە بەدڵی بینەر نییە، بینەر لەو كاتەدا دەڵێت خۆزگە كۆتایی فیلمەكە بەم شێوەیە نەدەبوو، لەجیهانی دیجیتالیدا ئێستا ئەو خۆزگەیە بۆتە ڕاستی! پسپۆرانی بواری بڵاوكردنەوەی فیلم و گەیاندن ئامێرێكی بڵاوكردنەوەی فیلمیان بەرهەمهێناوە كە زەینی بینەر دەخوێنێتەوە و كۆتایی فیلمەكە بەویستی بینەرەكە دەبێت. ئامێری MyndPlay هێدستێكی لەگەڵدایە كە شەپۆلەكانی مێشكی بینەر تۆمار دەكات و دواتر شەپۆلەكان بۆ هەستەوەرێك بەڕێ دەكات كە بەهۆیەوە هەستی بینەرەكە لەئاست فیلمەكە دەزانرێت، كاتێك كە بەهۆی ئەو ئامێرەوە سەیری فیلمێك دەكەی تەواوی كردار و پەرچەكردارەكانی بینەر لەئاست چیرۆكی فیلمەكە تۆمار دەكات و پاش ماوەیەك دیمەنی فیلمەكە بەویستی بینەر دەگۆڕدرێت، بۆ نموونە ئەگەر لەفیلمێكدا پاڵەوانی فیلمەكە دڕەندەیەك و پیاوكوژێك بێت وحەز دەكەی لەناو بچێت، ئامێرەكە ویستی تۆ بەدی دێنێ، بەڵام دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێك چەندین سیناریۆ داڕێژرابن، هەرچەندە هەتا ئێستا تەنیا 3 فیلم هەن كە كۆتاییەكەیان بەویستی بینەرەكە دەبێت، هیچ دوورنییە لەداهاتوودا فیلم گەلێكی زۆر بەم شێوازە بەرهەم بێن.