هاتنی وەرزی بەهار و گوڵ و گوڵزار، مانای خۆشی و شادی دەبەخشێت، بوونی گوڵ و گوڵزار دیكۆری ماڵ دڵگیرتر دەكات، ئەوانەی باخچەیان هەیە دەتوانن سەر لە نوێ گرنگی بە گوڵ و دار و بارەكان بدەنەوە، هەروەها گۆڕانكاری لە جۆر و شێوازەكانی گوڵ و گوڵزارەكانیان بكەنەوە، بۆ ئەوانەش كە باخچەیان نییە، دەتوانن بە هێنانی هەندێك خۆڵ و لم باخچەیەكی بچووك دروست بكەن، بە دانانی لە گۆشەیەكی ماڵدا و پاشان چاندنی گوڵ و گوڵزار، ئەگەر جێگا پێویست بۆ ئەو كارەش نەبوو، دەتوانین سوود لە مەركان و گوڵدانەكان وەربگرین، كە ئەویش جوانی تایبەتی لە دیكۆرەكەت هەیە، دەتوانی مەركان و گوڵدانەكان لە ژوورەوەش دابنێیت، یان لە نزیك پەنجەرە و حەوشەی ماڵ، بوونی گوڵ و دار و بار لە ماڵدا، جگە لەوەی جوانییەكی سەرنجڕاكێشی هەیە، هەروەها بۆن و بەرامی ماڵ خۆش دەكات و دیمەنێكی ناسكیشی دەبێت، هەروەها گۆڕانكاری لە هەوا و دەستەبەركردنی ئۆكسجینیش دەكات، هەوڵبدە هەمیشە ماڵەكەت بە گوڵ و گوڵزار رازاوە بكەیت.